كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەکەکە رێ بۆ تورکیا خۆش دەکا بێتە ناو گوندە سنوورییەکان

بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە گوندە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بیانووی داوەتە تورکیا ناوچەکە بۆردومان بکا و لەشکرکێشی بکات. سکرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکیش رای دەگەیەنێت، پەکەکە رێ بۆ تورکیا خۆش دەکا بێتە ناو گوندەکانمان.

رزگار سدقى، سکرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بۆ (باسنیوز) رای گەیاند: "پەکەکە دۆخێکی نەخوازراوی لە تەواوی ناوچە سنوورییە ستراتیجییەکان دروست کردووە و بیانووی داوەتە دەست تورکیا بێتە ناو گوندەکانی سنووری پارێزگای دهۆک“.

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕووكه‌ خەڵکی ئێمە لە ناوچەکە زۆر زەرەرمەند بووە، گوتیشى: "لە ڕاستیشدا پەکەکە رێی خۆش کردووە تورکیا بێتە ناوچەکە، بەتایبەت بۆ شوێنە ستراتیجییەکانی وەک زناری کێستە“.

سکرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک داوا لە پەکەکە دەکات: "ناوچەکە بەجێ بێڵێ، تا چیتر تورکیا بە بیانووی ئەوانەوە لەشکرکێشی نەکا و نەیەتە ناو خاکی ئێمە“.

ئاشکراشی کرد: ”پەکەکە و تورکیا خۆیان کردووە بە دەسەڵاتداری ناوچەکە و گوندە سنوورییەکانمان داگیر دەکەن، بۆیە پێویستە پەکەکە رێ بۆ تورکیا خۆش نەکا و شەڕ نەهێنێتە ناو گوندەکانی سنووری پارێزگای دهۆک“.

رزگار سدقى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، ئەگەر پەکەکە ناوچەکە چۆڵ بکا و بکشێتەوە، تورکیاش ناتوانێ گوندەکان بۆردومان بکا، کە بەهۆی ئەو شەڕ و بۆردومانەی نێوانیان، خەڵکەکە ناتوانێ بچێتەوە ناو گوند و سەر رەز و باخەکانیان.