پەرلەمانتارێك: لاهوور جەنگی بە زەبری هێز کەیسی ئامانج بابانی و خێزانەکەی بە دادگا داخست
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێك: لاهوور جەنگی بە زەبری هێز کەیسی ئامانج بابانی و خێزانەکەی بە دادگا داخست

”دادگای سلێمانی لەبەر دەستی ئەوانە و چۆنیان بوێت ئاوا دەیسووڕێنن“

بەهۆی ئەگەری تێوەگلانی پۆڵادی برای لە كەیسەكە، لاهوور جەنگی ڕێگە بە دادگای سلێمانی نادات دۆسیەی كوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەكەی دەست پێ بكاتەوە.

لەمبارەیەوە سەفین گەردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پێشتر لێژنەیەكی پەرلەمانی دروست كراوە، بەدواداچوونیان بۆ كەیسەكە كردووە، بەڵام “دادگای سلێمانی لەبەر دەستی ئەوانە و چۆنیان بوێت ئاوای دەسووڕێنن، كەیسەكە لە دادگا داخراوە، لێژنەی مافی مرۆڤ سەردانی ئەو ماڵەیان كرد و بەدواداچوونیان كرد، هەوڵدەدرێت لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە دەست پێ بكرێتەوە، بەڵام ڕێگە نادرێت”.

جەختیشی كردەوە: “دادوەرەكانیان ئاگادار كردۆتەوە كە نابێت لێكۆڵینەوە لەم كەیسە دەست پێ بكاتەوە. لە كاتێكدا گومان دەكرێت كوژرابن”.

لە رۆژی ٢٢ی نیسانی ٢٠٢١ كە ڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردی بوو، محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوریدا، ئەوەی کە دیار نەبێت و دەنگی نەبێت، ”بەداخەوە ئامانجی کوڕمە، خۆزگە لە ژیان بوایە بۆ ئەوەی بە زەردەخەنەکانی پیرۆزبایی ساڵیادی ڕۆژنامەگەری لە ھەموو ھاوپیشەکانی بکردایە، بەڵام ئیتر بڵێم چی، ئێستا ئامانجی کوڕم دوورە لە میدیا و ھاوپیشەکانی، تەنھا ئەوەندە دەڵێم پیرۆزبایی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری لە ھەموو ڕۆژنامەنووسان و ھاوپیشەکانی ئامانجی کوڕم دەکەم“.

ڕوونیشی كردەوە، ھەرچەندە دادگای سلێمانی دۆسیەكەی ئامانج بابانی و خانەوادەكەی داخستووە، بەڵام ھەر لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکەوە تاوەکوو ئێستا، خەڵکی کوردستان گومانی لە ڕووداوی گیان لەدەستدانی ئامانج و لانەی ھاوژینی و منداڵەکەی ھەبووە، چونکە ئامانج و ھاوژین و منداڵەکەی کوژراون، خەڵکی چۆن لە گوماندا نابێت؟ دواجار ھەموو کەسێک ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئامانج کەسێکی چۆن بووە و ھەرگیز ئامادە نەبووە چۆلەکەیەک بکوژێت، ئیتر چۆن دەستی دەچێتە کوشتنی ھاوژین و منداڵەکەی؟”.

محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی پێیوایە ئەرکی لایەنە فەرمییەكانی ھەرێمی کوردستانە، ”کاری جددی لەسەر دۆسیەی ئامانجی کوڕم بکەن و ڕێگەنەدەن دۆسیەی ئامانج ون بکرێت، چونکە تازە من کوڕەکەم لەدەستداوە و بۆم ناگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان، ھەوڵەکانی خۆیان چڕ بكەنەوە و ڕاستیی رووداوەكە ئاشكرا بكەن“.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩ە و لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان یادی ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی لاهوور جەنگی و براكانی و گرووپەكەیان دەكردەوە، هەواڵی تیرۆركردنی ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان لە كەناڵی (NRT)یەوە بڵاو كرایەوە. هەر ئەو شەوە هەندێك لە بەرپرسان لە نێویشیاندا ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەركۆنەی كرد و بە تیرۆر ناوی هێنا.

لە ماوەی چەند ڕۆژێكی كەمدا، پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی چەندان زانیاریی دژ بە یەك و ناڕاستیان بڵاو كردەوە و پاشان بەبێ هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە، ئامانج بابانییان بە بكوژی خۆی و ژن و منداڵەكەی لە قەڵەم دا و دۆسیەكەش بە پاساوی لە ژیان نەمانی تۆمەتبار، لە دادگای سلێمانی داخرا.

رۆژی ٦ی ٢ی ٢٠٢٠، جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاشكرای كرد، "دوای بەدواداچوونێکی تەواو بۆ بەڵگە ماددییەکان و پشکنینەکان، هەستمانکرد کە حەوت قەوانی فیشەک لە جۆری نمرە نۆ لە کاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لێدوانیانداوە کە گوللەکان لە یەک دەمانچە تەقیون کە دەگەڕێتەوە بۆ کەسی کوژراو ئامانج بابانی، ئێمە لە تاقیگەی بەڵگەکانی سلێمانی پشکنینمان بۆ ئەم حەوت قەوانە کرد و بۆمان دەرکەوت سێ لەو قەوانانە بەڵی بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمانچەیەی کە دەستیبەسەردا گیراوە كە دەگوترێت دەمانچەی ئامانج بابانی بووە، بەڵام چوار لە قەوانەکان بە دەمانچەیەکی دیکە تەقێنراوە کە ئەم دەمانچەیە دەستی بەسەردا نەگیراوە و دیارنییە".

ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”دواتر گومانێک دروستبوو، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی کرد روونکردنەوەی تەواومان لەسەر ئەو بابەتە پێ بدەن، دوای سەردانی دووەممان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی پێیان راگەیاندین کە چوار قەوانی دیکە لە لایەن تیمی بەڵگەی تاوانی ئاسایشەوە لە سلێمانی لە کاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە، ئەمەش گومانێکی زۆری دروستکرد و کۆی گشتیی قەوانەکان بوون بە 11 قەوان. حەوتی لەو دەمانچەیە تەقێندراوە كە دەگوترێ هی ئامانج بابانییە وەک لە راپۆرتەکەی پۆلیسی سلێمانی پێشکەش بە دادگای سلێمانی کراوە، بەڵام چوار قەوان چارەنووسی دیارنەبووە، لەبەرئەوە گومان دروستبوو".

هەرچەندە بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان داوای سەرلەنوێ لێكۆڵینەوەی لە تاوانەكە و دەست پێكردنەوەی پرۆسەی دادگاییكردنەكە كرد، بەڵام دادگای سلێمانی و پۆلیسی سلێمانی ئەم كارەیان نەكرد.