بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا گوندی کێستەی دەڤەری کانی ماسی چۆڵ کرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا گوندی کێستەی دەڤەری کانی ماسی چۆڵ کرا

بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە دەڤەری کانی ماسی، چەندین رۆژە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ تورکیا دەستی پێ کردووە و ناوچەکە بۆردومان دەکرێ، بەو هۆیەشەوە زیانی گەورە بە رەز و باخ و پاوانی خەڵکی گوندەکانی دەڤەرەکە گەیشتووە و قایمقامی قه‌زا ئامێدیش رای دەگەیەنێ، بەهۆی شەڕ و بۆردومانەکانەوە، خەڵکەکە گوندی کێستەیان چۆل کرد.

ئیسماعیل مسته‌فا، قایمقامی قه‌زا ئامێدی لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد: "بەهۆی بوونی بارەگاکانی پەکەکە لە دەڤەرەکە و پێکدادانی لەگەڵ هێزەکانی تورکیا، کەمێک بەر لە ئێستا فڕۆکەکانی تورکیا ناو گوندی کێستەیان لە سنووری ناحیەی کانی ماسیی سەر بە قەزای ئامێدی بۆردومان کرد".

گوتیشی: "تورکیا ئەو گوندەی بەبیانووی بوونی پەکەکەوە بۆردومان کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکەکە چۆڵی بکات".

قایمقامی قه‌زا ئامێدی ئاشکراشی کرد: "ئێستا خەڵکی گوندی کێستە گوندەکەیان چۆڵ کردووە و ئەمشەو بۆردومانەکە کەوتووەتە ناو گوندی کێستە و تا کاتی ئەم هەواڵە بۆردومان هەر بەردەوامە، ئەمەش هەمووی بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەوەیە، ئێستا خەڵکی گوندەکە روویان لە گوندەکانی دەوروبەر و شارەکان کردووە".

گوتیشی: "ئەو رەوشە نالەبارە بەهۆی بوونی پەکەکە لە ناوچەکە دروست بووە و بیانووی داوەتە تورکیا بۆ بۆردومان کردن، دڵگرانییەکی زۆریشی لەلای خەڵکەکە لێکەوتووەتەوە، باوەڕی ئێمە و خەڵکی ناوچەکە ئەوەیە، ئەگەر پەکەکە لە دەڤەرەکە نەمێنێ و بکشێتەوە، تورکیاش گوند و رەز و پاوانەکان بۆردومان ناکا، بۆیە داوا دەکەین پەکەکە ناوچەکە بەجێ بێڵێ، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ دەڤەرەکە بگەڕێتەوە".