دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری تەندروستیی عێراق پەسەند كرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری تەندروستیی عێراق پەسەند كرا

دەنگۆی دەست لەكاركێشانەوەی پارێزگاری بەغداش بڵاو بووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی حكوومەتەكەی پەسەند كرد، دەنگۆی دەست لەكاركێشانەوەی پارێزگاری بەغداش بڵاو بووەتەوە.

دەست لەكاركێشانەوەی تەمیمی دوای دەرچوونی ئەو راپۆرتە دێت كە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوی سووتانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا بڵاویان كردەوە و تیایدا دەركەوتبوو وەزارەتەكە و دەزگاكانی سەر بە وەزارەتەكە كەمتەرخەمییان كردووە.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی خۆیدا دەنگی لەسەر راسپاردەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە سووتانی نەخۆشخانەكە دا، كە سزادانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەشی تێدایە، لەگەڵ یاریدەر و بەرپرسی بەرگری شارستانیی نەخۆشخانەكە، هەروەها لەسەر كار لادانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی رەسافەی بەغدا، سەرباری پەسەندكردنی دەست لەكار كێشانەوەی وەزیری تەندروستی.
لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ هەواڵی دەست لەكار كێشانەوەی محەمەد جابر عەتا پارێزگاری بەغدا بڵاو بووەوە وەك كاردانەوەیەك بۆ كەمتەرخەمیی ئیدارەكەی لە بەرانبەر كاروباری شارەكە، لەوانەش سووتانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب.

بەڵام پێش كەمێك میدیاكانی عێراق ڕوونكردنەوەیەكیان بڵاو كردووەتەوە بە ناوی پارێزگاری بەغدا، كە تیایدا رەتی دەكاتەوە دەستی لەكار كێشابێتەوە و هەواڵەكەی بە هەڵبەستراو وەسف كردووە.

جێی باسە ئەم كاردانەوانە ١٠ رۆژ دوای كارەساتی سووتانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب دێت لە بەغدا، كە بەهۆیەوە ٨٠ كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٠٠ كەسیش بریندار بوون.