پەرلەمانتارێكی یەكێتی: لە نێو یەكێتیدا پاشاگەردانی هەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: لە نێو یەكێتیدا پاشاگەردانی هەیە

”كۆنگرەی یەكێتی كێشەكانی زیاتر كرد“

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت كە لە نێو حزبەكەیاندا هێشتا كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر نەكراوە و بگرە كۆنگرە زیاتری كردووە و حزبەكەیان ئێستا ”لە حاڵەتی پاشاگەردانی“یە.

كوردەی هاشم جیهاز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، لە نامەیەكدا كە لە میدیای سەر بە كۆسرەت رەسووڵدا بڵاو كراوەتەوە، نووسیویەتی: ”شێتان شێت دەبن دەچنە پیرمەنسوور، پیرمەنسوور شێت بێ دەیبەنە كوێ؟“. باسیشی لەوە كردووە كە لە كاری حزبەكەیدا ھەندێك ڕەنج دەدەن و ھەندێكیتر بەری بەرھەمەكەی دەچننەوە، ھەندێك وەك سەربازی ون خەبات دەكەن و ھەندێكیش دەبنە پاڵەوانی گۆڕەپان.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە دۆخی حزبەكەیان بۆ تەواوی كادیران و ئەندامانی یەكێتی جێی نیگەرانییە و ئەوان دەترسن بڕیارەكانی ئێستای یەكێتی زۆر تاكڕەوانە بێت.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دانی بەوەدا ناوە كە ”دووبارە و دەبارە لەبەرچاوی یار و نەیار، بە ھەمووانمان گوت یەكێتی ھێشتا چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی نەكردووە و لە حاڵەتی پاشاگەردانییە“.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان كە وەك سەركردە باڵاكانی خودی یەكێتی دەیڵێن، بەبێ ئاگاداریی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئۆرگانەكان و سەركردەكانی هەولێری حزبەكە كراوە، یەكێتی بە ناكۆكییەكی نێوخۆیی تونددا گوزەر دەكات.

 

ب.س