سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و رۆڵی دەوڵەت و حزبە کوردستانییەکان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و رۆڵی دەوڵەت و حزبە کوردستانییەکان


کورتکردنەوەی کێشەی سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووداوەکەی مەریوان هەڵەیەکی ستراتیژییە و ئەم گرووپە هزرییە روو لە گەشە لە ئایندەدا دەبنە گەورەترین مەترسی بۆ سەر داهاتووی کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازییەکەی، کە بەشێکی زۆری هێز و توانای کورد لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی بەخۆوە سەرقاڵ دەکات، هەروەک چۆن لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و ساڵانی دواتردا بەشێک لە هێز و توانایی کورد لە ڕۆژهەڵات لە دوو بەرەی جیاوازدا لەدژی یەکتر پەرت و بڵاو کرا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای ئەو جیاوازییە هزرییەی کە لەگەڵ لایەنە بناژۆخواز و نەریتەخوازەکانی سوننە مەزهەب هەیەتی و مێژوویەکی خوێناویش لە نێوانیاندا لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکە هەیە، ئەم دوژمنە سوێندخواردووە خۆی لە کات و شوێنی گونجاودا لەدژی رەسەنایەتیی کورد و خواست و هیواکانی بەکار دێنێت. جاروبار هەواڵی هاوشێوەی رووداوەکەی مەریوان بە کەم و زیادەوە بڵاو دەکرێنەوە، کە زەنگێکی مەترسیدارە و پێویستە بەر لە تەشەنە و ئاڵوودەکردنی رۆڵەکانی نیشتمان، پێشی پێ بگیرێت.

دەبێ لەسەر سێ ئاستی جیاواز خوێندەنەوە بۆ ئەم هزرە کارەساتبارە بکرێت و ڕۆڵی هەر سێکیان لە گەشەکردنی ئەم هزرە مەترسیدارەدا شی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاو بۆ بنبڕکردنی بگرینەبەر و دەرفەت بە تەشەنەکردنی نەدرێت و لە قاڵبی خۆیدا قەتیس بکرێت. رۆڵی خودی هەڵگرانی ئەم هزرە و کەسایەتی و پێشەنگەکانی، لەگەڵ رۆڵی رێژیم و پاسیڤبوونی حزبە سیاسییەکانی کوردستان لەمبارەوە هۆکارگەڵێکی جیاوازن کە پێویستی بە شرۆڤەکردنێکی ورد و هەمەلایەنە هەیە.

هاوکات لەگەڵ ڕۆڵی ئەم سێ لایەنەی دژ بە یەک، مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر و رووناکبیران و مامۆستایان پەروەردەش دەتوانن ڕۆڵێکی پێشەنگ و ئەرێنی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و نەهێشتنی ئەم رەوتە سەلەفییە بگێڕن و لە لایەکەوە روویەکی جوانتر لە ئایینی ملیۆنان هاووڵاتی پیشان بدەن و لە لایەکی دیکەشەوە رێگە نەدەن دابونەریت و رەسەنایەتیی کورد بکرێتە قوربانی.

رۆڵی دەوڵەت لە بنەڕەتدا، فەراهەمکردنی زەمینە و دەرفەتێکی لەبارە بۆ ئەم هزرە توندڕەوە کە بە هۆیەوە دەیەوێت نەک تەنیا پرسی نەتەوەیەکی داگیراکراو بەلاڕێدا ببات و لە ئامانجی سەرەکیی خۆی دووری بخاتەوە و لە پرسێکی توندڕەوی مەزهەبیدا قەتیسی بکات، بەڵکوو لە ئایندەدا دەتوانێت کێشەی کورد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بە دونیای دەرەوە بناسێنێت و لە هەر رێککەوتن و ئاشتبوونەوەیەکدا لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا هاوسۆزی و پشتگیرییان بەدەست بێنێت.

کۆماری ئیسلامی لە هەر حاڵەتێکدا بە ئامانجەکەی بۆ بە تیرۆریست ناساندنی پرسی کورد بگات یان نا، کۆمەڵە ئامانجێکی دیکە لەم رۆڵگێڕانەدا بەدەست دێنێت کە گرنگترینان دابەشکردنی کۆمەڵگەی کوردستانە بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەکدا، کە بەهۆیەوە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی چارەنووسساز و دەرفەت بۆ دروستبوونی رەوتێکی گەورە لە کوردستان بە هزر و تێگەیشتنێک دەڕەخسێنێت کە لەناو قووڵایی و خوێنی کورددا، کوردایەتی و رەسەنایەتی کوردی و چاند و دابونەریت و خواستە سیاسییەکانی تەکفیر دەکات.

لە بەرانبەر ئەم پیلانەی دەوڵەت، تەنیا هێزێک کە لە گۆڕەپانەکەدایە و بەرگری لە خۆی و ئایندەی منداڵەکانی دەکات، ئەو ژنانەن کە بۆ نموونە لە گەڕەکی داسەیرانی مەریوان بەپێی هێز و توانایی خۆیان، هاتنە سەر شەقام و ئیرادەی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هزرە بناژۆخوازە پیشان دا، لە کاتێکدا گەنجانی نیشمانپەروەر بەهۆی زەبروزەنگی دەزگا سەرکوتکەرەکانەوە ناتوانن وەک پێویست بەرەنگاری هزری توندڕەوی سەلەفییەکان ببنەوە و بەرگری لە رەسەنایەتیی خۆیان بکەن. دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تەنیا بەهۆی دەربڕینی نارەزایەتیی هەمبەر مانۆری سەلەفییەکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، ئەوەندەی دیکە پێشی بە دروستبوونی ناڕەزایەتیی خەڵک دەگرێت و دەرفەتێکی زیاتریش بۆ تەشەنەکردنی ڕەوتی سەلەفییەکان دەڕەخسێنێت.

بێ هەڵوێستیی حزبە کوردستانییەکان لە بەرانبەر ئەم هزرە توندڕەوە و نەبوونی دژکردەوەیەکی گونجاو، گواهیدەری ئەم راستییەیە کە هیچ بەرنامە و پلانێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پیلانەی دەوڵەت نییە. لە ناوخۆی حزبەکان هیچ پەروەردە و راهێنانێک بۆ چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەم هزرە بوونی نییە و لە ناوخۆی کوردستانیش هیچ هەوڵ و تەقەلای رێکخستنەکانی ئەم حزبانە لانیکەم بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک نابینرێت، چ بگات بەوەی کە خەلک لەدژی ئەم هزرە توندرەوە رێک بخەن.

ئەگەر حزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات ئێستا بە پراکتیک بەرەنگاری ئەم هزرە توندڕەوە نەبنەوە و بەشێک لە توانایی خۆیان لە بواری سیاسی، رێکخستن و میدیایی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان نەکەن، لە ئایندەدا بەشێکی زۆری توانایی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە فێڕو دەدەن و ئەزموونی خوێناوی و پەرت و بڵاوبوونی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دووبارە دەکەنەوە.