بانكی ناوه‌ندیی عێراق له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی فرۆشتنی دۆلار به‌رده‌وامه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بانكی ناوه‌ندیی عێراق له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی فرۆشتنی دۆلار به‌رده‌وامه‌

 بانكی ناوه‌ندیی عێراق، به‌رده‌وامه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی فرۆشیی دۆلار و ئه‌مڕۆ 175 ملیۆن دۆلاری بۆ فرۆشتنی خسته‌ روو، شاره‌زایه‌كی ئابووریش كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4/5/2021، بانكی ناوه‌ندیی عێراق، ڕێژه‌ی فرۆشتنی دۆلاری كه‌متر كرده‌وه‌ بۆ 175 ملیۆن و 214 هه‌زار و 174 دۆلار و به‌های فرۆشتنی هه‌ر دۆلارێك 1460 دیناره‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا‌ دوێنێ بانكه‌كه‌ 178 ملیۆن و 947  هه‌زار و 783 دۆلاری بۆ فرۆشتبوو.

بانكه‌كه‌ 135 ملیۆن و 614 هه‌زار و 174 دۆلاری بۆ زیادكردنی حسابی خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ فرۆشتووه‌، له‌ شێوه‌ی حه‌واڵه و بیمه‌‌، هه‌روه‌ها بڕی 39 ملیۆن و 600 هه‌زار دۆلاری به‌ شیوه‌ی نه‌قد، به‌ بانك و كۆمپانیاكانی حه‌واڵه‌ فرۆشتووه‌.

لای خۆیه‌وه‌، شێروان ئەنوەر مستەفا، راوێژكار لە  هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند:" هیچ بڕیارێك نییە كە بەردەوام بانكی ناوەندی عێراق دۆلار كەم بخاتە ڕوو بۆ فرۆشتن، یان زیادی بكات، بەڵكوو بە پێی خواستی كۆمپانیاكانی حەواڵە و بانكەكان دۆلار دەخرێتە بازاڕ".

روونیشی كردەوە "سەرەتای مانگی رەمەزان خواستێكی زۆر لەسەر دۆلار هەبوو، رۆژانە 200 ملیۆن دۆلار دەخرایە روو، بەڵام ئێستا خواستی كڕین كەمی كردووە، بۆیە دۆلار كەم بووه‌تەوە، ئەوەش شتێكی ئاساییە".

شێروان ئەنوەر ئاشكراشی كرد بەهای  دۆلار بەرامبەر دینار لەوەزیاتر بەرزنابێتەوە،: "ئەو به‌هایه‌ی ئێستا هەیە نزیكە لەوەی بەم جۆرە جێگیر بێت، باوه‌ڕ وا نییه‌ 100 دۆلار بگاتە 150 هەزار دینار، بانكی ناوەندیش كار بۆ ئەوە دەكات هاوسەنگی نرخ بپارێزێت و نەگانە 150 هەزار دینار".

دوای ئه‌وه‌ی بانكی ناوه‌ندی به‌های 100 دۆلاری به‌ 145 هه‌زار دینار دانابوو، له‌ بودجه‌ی عێراقدا، به‌های 100 دۆلار به‌رامبه‌ر 145 هه‌زار دیناری عێراقی جێگیر كرا.