دەستەی وەبەرهێنان: لە كابینەی نۆیەمدا زیاتر لە دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری كراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەی وەبەرهێنان: لە كابینەی نۆیەمدا زیاتر لە دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری كراوە

 "مۆڵەتمان بە زیاتر لە 100 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە"

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رای گەیاند لە كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕی زیاتر لە دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری كراوە و جەخت دەکاتەوە بەپێی نیشانە و پێوەرەكان، كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ڕووی لە هەڵكشان و گەشە كردووە.

د.محەمەد شوکری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردسان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا بەپێی نیشانە و پێوەرەكانی گەشەكردن، كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان رووی لە هەڵكشان كردووە، لە ماوەیەكی نزیكیشدا وەرچەرخانی گەورە  بەتایبەتی لە بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكی و گەشتیاری دەبیندرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لەو ماوەیەدا مۆڵەتی باش بە کەرتی وەبەرهێنان دراوە، بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێن بە گوژمەی 114 ملیۆن دۆلار دانرا، كە رۆژانە 500 تا 600 تۆن شەكری سپی بە چەوەندەری ناوخۆیی بەرهەم دەهێنێت، لە هەولێر مۆڵەت بە چەند پڕۆژەیەكی پیشەسازی دراوە، ناوچە پیشەسازییەكانیش كاری باش و جیدییان لەسەر كراوە و دەیان پڕۆژە و كاری دیكەی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەبینرێت كە چ جووڵەیەكی تێدایە".

محەمەد شوکری ئاشكراشی كرد: "ئێمە لە دەستپێكی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە سەرمایەی زیاتر لە 2 ملیار و 100 ملیۆن، دۆلار مۆڵەتمان بە زیاتر لە 100 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە، هەر لەو ماوەیەدا دەستەكەمان زیاتر لە 556 پرۆپۆزەڵی بە سەرمایەی 12 ملیار دۆلار لە گشت سێكتەرەكاندا پەسەند كردووە، سێكتەری پیشەسازی لە پلەی یەكەمدا دێت، ئەمەش هەمووی بۆ سەقامگیریی سیاسی و بەهێزیی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە".

روونیشی كردەوە: "لە ساڵی 2006وە تاكوو ئێستا 935 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێ دراوە و 50%ی ئەو پرۆژانە تەواو بوون و سەرمایەی ئەو پرۆژانە زیاتر لە 53 ملیار دۆلارە".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی: "تەنیا لە یەك پڕۆژەی وڵاتی چین كە لە شاری هەولێر دروست دەكرێت و بەردی بناغەی بۆ دانراوە، 13 ملیۆن و 326 هەزار دۆلار تێچوویەتی، ئەمە وێڕای ئەوەی كۆمپانیایەكی چینی پرۆپۆزەڵی بۆ دروستكردنی شارێكی گەشتیاری لە هەولێر بە سەرمایەی پێنج ملیار دۆلار پێشكەش كردووە".