چالاکوانێکی کاکەیی: لە داقووق 10 گوندی کاکەییەکان بەتەواوی چۆڵ کراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چالاکوانێکی کاکەیی: لە داقووق 10 گوندی کاکەییەکان بەتەواوی چۆڵ کراون

"ئەگەر ڕەوشەکە چارەسەر نەکرێت، خەڵکی دیکەش چۆڵی دەکەن"

كوردانی كاكەیی لە سنووری قەزای داقووق، لە 15 گونددا نیشتەجێ بوون، بەڵام ئێستا بەهۆی خراپیی رەوشی ئەمنیی ناوچەكە، هەروەها خراپیی مامەڵەكردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لەگەڵ خەڵك و جموجۆڵی داعشەوە، تەنیا پێنج گوندیان ژیانی تێدا ماوە و چالاکونێکی کاکەیی لەمبارەوە زانیاریی دەخاتە روو.

 ئەمڕۆ سێشەممە 4/5/2021، ڕەجەب كاكەیی، سەرۆكی رێكخراوی میسرا بۆ پەرەپێدان و ڕۆشنبیریی یارسان، كە خۆشی خەڵكی سنووری داقووقە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دۆخی دانیشتوانی گوندەكانی كوردانی كاكەیی لە سنووری قەزای داقووق، ڕۆژ بە ڕۆژ بەهۆی زۆریی جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی داعشەوە بەرەو خراپی دەڕوات".

گوتیشی: "پێش هاتنی چەكدارانی داعش، لە سنووری قەزای داقووق 15 گوندی كوردانی كاكەیی هەبوون، کە داعش دوو گوندی داگیر كرد، بەڵام ئەوكاتە ئەو دوو گوندە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانانەوە ئازاد كرانەوە، بەڵام داعش وێرانی كردبوو و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئاوەدان نەكراوەتەوە، هەروەها لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە هەشت گوندی دیكەی كوردانی كاكەیی لە داقووق چۆڵ كران، بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنییەوە، ئێستا تەنیا پێنج گوندی ناوچەكە ژیانی تێدا ماوە".

ڕەجەب كاكەیی روونیشی كردەوە: "ئێستا دانیشتوانی ئەو گوندانەی كوردانی كاكەیی بەهۆی خراپیی مامەڵەی هێزە عێراقییەكانەوە ناگەڕێنەوە گوندەكانیان، بەتایبەت ئێستا جموجۆڵی داعش خەڵكی زۆر نیگەران كردووە و ئەگەر رەوشەكە چارەسەر نەكرێت، خەڵكی تریش ماڵەكانیان بەجێ دەهێڵن".

دوایین كردەوەی داعش درەنگانی شەوی ڕابردوو بوو لە سنووری گوندی "عەرەبكۆ"ی كاكەیینشینی سەر بە قەزای داقووق، کە هێرشیان كردووەتە سەر هێزێكی سوپای عێراق.