ئەسەد: پەکەکە هاوپەیمانی ئێمەیە و دەستکەوتی باشی بۆ ئێمە هەبووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەسەد: پەکەکە هاوپەیمانی ئێمەیە و دەستکەوتی باشی بۆ ئێمە هەبووە

سەرۆکی رژێمی سووریا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە هاوپەیمانی رژێمەکەی دەزانێت و رایدەگەیەنێت، ”پەکەکە دەستکەوتی باشی بۆ ئێمە هەبووە“.

ریاز حجاب، کە لەمانگی 6 تا مانگی 8ی  2012 سەرۆک وەزیرانی سووریا بوو، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رووداوێکی گێڕاوەتەوە، کە خۆی شایەدحاڵی بووە و گوتویەتی، ”هیوادارم خەڵکی ئێمە لە جزیرە و فورات و لە تەواوی سووریا لێی ئاگادار بن، لە رۆژی 21-7-2012 دوای لەناوبردنی (شانەی قەیرانەکان)م بەشار ئەسەد لە 20/7 فەمانی بۆ تەواوی یەکەکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان لە جەزیرەی سووریا دەرکرد، ناوچەکانیان چۆل بکەن و تەواوی چەکەکانیان رادەستی پەکەکە بکەن“.

ریاز حجاب هەروەها رایگەیاندووە: کاتێ لەگەڵ بەشار ئەسەد لە کۆشکی کۆماری چوونەتە کۆبوونەوە، کە ئەندامانی سەرکردایەتیی سووریای حیزبی بەعس بەشدار بوون و هەموویان شایەدن لەسەر ئەو قسانە، ”بە دوورودرێژی قسە لەبارەی چارەسەری بابەتی شانەی قەیرانەکان کرا، پرسیار لەوە کرا، بۆچی ئەو ناوچە سەربازییانە و ئەو هەموو چەکە قورسە و ئەو هەموو چەکوچۆڵ و جبەخانەیە رادەستی پەکەکە کرا؟“.

بە گوتەی حجاب، بەشار ئەسەد لە وەڵامدا گوتوویەتی، ”ئەمانە- واتە پەکەکە-  هاوپەیمانمانن و لە ساڵانی رابردوودا دەسکەوتی باشیان بۆمان هەبووە، ئێستاش ئێمە پێویستمان پێیانە، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی شەقامی کوردی بکەن، کە لەوەتەی شۆڕشی سووریا دەستی پێکردووە ئەوانیش لە هەموو ئەو شوێنانەی برایانی کوردی لێیە بەشداریی خۆپیشاندانەکان دەکەن، هەروەها بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامی عەرەبییش پێویستمان پێیانە، لەهەمان کاتدا خەنجەرێکیشن بۆ کەمەری تورکیا“.

دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە ساڵی 2011، رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان کشایەوە و هەموو ناوچەکانی رادەستی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) کرد، کە پەیەدە باڵی سیاسیی پەکەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان.