كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

"بڕیارێکى حکوومەتى عێراق زیانی 40 ملیۆن دۆلاری بە زێڕنگەرانی کوردستان گەیاندووە"

گوتەبێژى سەندیکاى زێرنگەڕانى کوردستان رایگەیاند بەهۆى بڕیارێکى حکوومەتى عێراقەوە زێرنگەرانى هەرێمى کوردستان ملیۆنان دۆلار زەرەرمەند بوونە، چونکە ناتوانن زێڕ لە رێگەى فڕۆکەخانەکانى هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن.

هندرێن وەرتى، گوتەبێژى سەندیکاى زێرنگەڕانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "لە مانگى ئابى ساڵى رابردووەوە حکوومەتى ناوەند بڕیارێکى لە بارەى هاوردەکردنى زێڕەوە داوە، ئەویش ئەوەیە زێڕنگەرانى کوردستانیش تەنیا دەتوانن لە رێگەى چەند فڕۆکەخانەیەکى عێراقەوە زێڕ لە دەرەوەى وڵاتەوە هاوردەى کوردستان و عێراق بکەن، ئەمەش زیانێکى زۆرى بە زێڕنگەرانى کوردستان گەیاندووە".

راشیگەیاند: "حکوومەتى عێراق هیچ ئەژمارێکی بۆ هەرێمى کوردستان نەکردووە لە دەرکردنى بڕیارەکە و بەهیچ شێوەیەک بۆچوونى هەرێمى وەرنەگرتووە، هەرچەندە دواى بڕیارەکەش ئێمە ناڕەزاییمان دەربڕیوە و هەوڵمانداوە لە بڕیارەکەى پاشگەز بێتەوە بەڵام هیچ سوودى نەبووە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "بڕیارەکەى حکوومەتى ناوەند زیانێکى زۆرى بەر زێڕنگەرانى کوردستان گەیاندووە، بەجۆرێک لەو ماوەیەدا زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار زیانیان کردووە".