حكوومەتی ئەڵمانیا تۆڕێكی نێودەوڵەتیی دەستدرێژێكردنە سەر منداڵانی ئاشكرا كرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حكوومەتی ئەڵمانیا تۆڕێكی نێودەوڵەتیی دەستدرێژێكردنە سەر منداڵانی ئاشكرا كرد

"پێویستە دایكان و باوكان ئاگەداری منداڵەكانیان بن لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت"

ئەمڕۆ دووشەممە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئاشكراكردنی تۆڕێكی نێودەوڵەتیی دەستدرێژیكردنە سەر منداڵان و دروستكردنی وێنە و ڤیدیۆی ڕووتی منداڵانی ئاشكرا كرد، كە لە چەندین وڵاتی جیهاندا كاریان كردووە و دەستدرێژییان كردووەتە سەر منداڵان.

بەپێی راپۆرتێك كە حكوومەتی ئەڵمانیا بڵاوی كردووەتەوە، دەزگای نەهێشتنی تاوان لە ئەڵمانیا دوای چەند مانگێك كاركردن و بەدواداچوون، توانیویەتی تۆڕێكی نێودەوڵەتی هەڵوەشێنێتەوە، كە كاریان دروستكردن و بڵاوكردنەوەی وێنەی ڕووتی منداڵان بووە و لە چەندین وڵاتی جیهاندا دەستدرێژییان كردووەتە سەر منداڵان.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە داوە نووسینگەی نەهێشتنی تاوان لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا لە ڕێگەی پۆلیسەوە سێ پیاویان دەستگیر كردووە كە سەكۆی "بۆیز تاون"یان بەڕێوەبردووە و لە ئینتەرنێتەوە وێنە و ڤیدیۆی ڕووتی منداڵانیان بڵاو كردووەتەوە.

ئەو سێ كەسە لە ئەڵمانیاوە وێنە و ڤیدیۆی منداڵانی چەندین وڵاتی جیهانیان بڵاو كردووەتەوە، بەتایبەتی منداڵانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و هەژار.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەكۆی بۆیز تاون ئێستا 400 هەزار ئەندامی هەیە و لە سەرەتای 2019وە دامەزراوە و لەلایەن ئەم سێ كەسەوە لە ئەڵمانیا سەرپەرشتی كراوە.

بەدواداچوونە ئەڵمانییەكە، جگە لەوەی حەفت ناوچەی ویلایەتەكانی باكووری راین، یستڤالیا، باڤاریا و هامبۆرگی گرتووەتەوە لەناوخۆی ئەڵمانیادا، لە وڵاتانی ئەورووپاشدا بە یارمەتی یۆرۆپۆڵ، وڵاتەكانی سوید و هۆڵەندای گرتووەتەوە، هەروەها بە یارمەتیی ئینتەرپۆڵیش وڵاتەكانی ئەمریكا، ئوسترالیا و كەنەدای گرتووەتەوە.

راپۆرتەكە ئاشكراشی كردووە سەكۆیەكە بە شێوەیەكی تایبەت و شاراوە بەكارهێندراوە، 400 هەزار ئەندامەكە زانیارییان لە سەرپەرشتیارانی سەكۆیەكە وەرگرتووە، تا بتوانن ڤیدیۆ و وێنەكان بە شێوەیەكی دوور لە چاودێری دەزگاكان و پۆلیسی نێودەوڵەتی، لە نێوان خۆیاندا ئالوگۆڕ بكەن.

دوای ئاشكراكردنی تۆڕەكە و دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری تێوەگلاوان لە چەندین وڵاتی جیاوازی جیهاندا، پۆلیسی ئەڵمانیا سەكۆیەكەی داخستووە، سەرباری داخستنی ژمارەیەك تۆڕی تری ئینتەرنێتی كە پەیوەندیدار بوون بەم سەكۆیەوە.

لەمبارەیەوە میدیاكانی ئەڵمانیا باسیان لە پێویستی چاودێریكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئاگەداربوونی دایك و باوكان لە چالاكییەكانی منداڵانیان لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت كردووە، بۆ ئەوەی نەبنە قوربانیی تۆڕی دەستدرێژیكردنی لەم جۆرانە.