ڕژێمی بەشار ئەسەد 48 كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریا دوورخستەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕژێمی بەشار ئەسەد 48 كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریا دوورخستەوە

ئەمڕۆ دووشەممە دادگای باڵای دەستووریی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بڕیاری دوورخستنەوەی 48 كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریای دەركرد، بۆ ئەوەی تەنها بەشار ئەسەد و دوو كاندیدی تر بۆ كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریا بمێننەوە.

لەمبارەیەوە محەمەد لەحام سەرۆكی دادگای باڵای دەستووریی سووریا ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریای ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند كە تەنها بەشار ئەسەد، عەبدوڵا سەلوم عەبدوڵا و مەحمود ئەحمەد مەرعی كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیین.

لەحام ئەوەی دووپات كردەوە كە دادگاكەیان داوای 51 كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریای تاوتوێ كردووە، لە ئەنجامدا 48 كاندیدیان دوورخستووەتەوە و تەنها داواكاری سێ كاندیدیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی قبووڵ كردووە.

سەرۆكی دادگا باڵاكەی ڕژێمی سووریا ئاماژەی بەوەش داوە كە بڕیارەكەیان سەرەتاییە و جارێ بڕیاری كۆتایی لەبارەی ڕەتكردنەوەی 48 كاندیدەكە نەدراوە، بەم شێوەیە ئەو 48 كەسە مافی ئەوەیان هەیە تانە لە بڕیارەكەی دادگا بدەن.

جێی باسە مانگی رابردوو ئەنجوومەنی گەلی سووریای سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە "ئایار"ی دیاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریا، بەڵام هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا هەڵبژاردنەكە بە گاڵتەجاڕی و شانۆگەرییەكی لاواز وەسف دەكەن.

لە هەوڵێكی تری بەشار ئەسەد سەرۆكی ڕژێمی سووریا لەبارەی ئامادەكارییەكانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوێنێ یەكشەممە لێبووردنێكی گشتی دەركرد، كە چەندین تاوانبار و تیرۆریست و بازرگانی مادەی هۆشبەریش دەگرێتەوە.