ئیخوان نیشتمان ناشیرین دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئیخوان نیشتمان ناشیرین دەکات

رۆژنامەی ئەهرام لە ٢١ی سێپتێمبەری ١٩٥٩وە، ڕۆژانە بە زنجیرە، ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەك)ی نەجیب مەخفووز (١٩١١- ٢٠٠٦) بڵاو دەكاتەوە. ئیسلامییەكان داوای ڕاگرتنی بڵاوكردنەوەی ڕۆمانەكە دەكەن، وەلێ موحەممەد حەسەنەین هەیكەلی سەرنووسەری ئەهرام، داواكەیان پشتگوێ دەخات و تەواوی ڕۆمانەكە بڵاو دەكاتەوە. كە لاپەڕە ئەدەبییەكەی ڕۆژنامەی جەمهوورییە باس لەوە دەكات، گوایە ڕۆمانەكە كوفری تێدایە، ئیدی كێشە بۆ منداڵانی گەڕەك دروست دەبێت.

ئەوانەی لە ڕوانگەیەكی ئایینییەوە ڕۆمانەكەیان دەخوێندەوە، پێیان وابوو، كارەكتەری باپیرە (جەبەلاوی) چونكە بە گوێرەی ڕۆمانەكە زۆر پیرە و خۆی دوورەپەرێز ڕادەگرێت، كەواتە زاتی خودایە! بە مەرجێك هیچ بەڵگەیەكی قایلكەر نییە بۆ ئەوەی باپیرە، ڕەمز بێت بۆ خودا. یان دەیانگوت، كارەكتەری ئەدهەم، ئادەمە و كەسایەتیی ( ئیدریس)ـیش، ئیبلیسە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو ناوانە لە یەكدییەوە نزیكن، یان كارەكتەری ڕەفاعە، مەسیحە، بەو پاساوەی خودا مەسیحی بۆ ئاسمان (ڕەفع) كردووە.

نەجیب مەحفووز لەسەر خواستی دەسەڵات، ئامادە دەبێت، گوتوبێژ دەربارەی ڕۆمانەكە لەگەڵ پیاوانی ئاییندا بكات، وەلێ ئەوان هیچیان لە كات و شوێنی دیاریكراودا ئامادە نابن. كارەسات ئەوەبوو، ئەگەر ئەزهەر گوتبای، لەو ڕۆمانەدا سووكایەتی بە زاتی خودا كراوە، ئیدی خەڵكە عەوامەكە بڕوایان دەكرد. شیاوی گوتنە هیچ بەڵگەنامەیەكی نووسراوی ئەزهەر نییە، ڕۆمانەكە بە دژایەتیكردنی ئیسلام تۆمەتبار بكات.

لە ساڵی ١٩٩٤دا كاتێك سی و پێنج ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی منداڵانی گەڕەكدا تێپەڕیبوو، ئەوسا ئیسلامییەكان لەسەر ئەو ڕۆمانە هەوڵی تیرۆركردنی نەجیب مەخفووزیان دا. ناسر بە دەستێكی ئاسنین لە ئیخوانی دەدا، وەلێ سادات هێندە نازی هەڵگرتن، تا لە ١٩٨١دا زەفەریان لێ هێنا و كوشتیان. سەرەتای ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو كە سەروەختی هەڵكشانی ئیخوان بوو، فەتوای كافراندنی نەجیب مەحفووز درا. ساڵی ١٩٨٨ كە تێیدا نەجیب مەحفووز خەڵاتی نوبێڵی وەرگرت، ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەكانی (سەلمان ڕوشدی)یش تازەكی بڵاو كرابووەوە.

چونكە ئەوی نۆبێڵ وەربگرێت، ئیدی دەتوانێت بە ناوی هەموو مرۆڤایەتییەوە بدوێت، بۆیە ئەوە ئەركی نەجیب مەحفووز بوو، دەربارەی حەڵاڵكردنی خوێنی سەلمان ڕوشدی قسەی هەبێت، بەو بۆنەیەوە نووسەری ڕۆمانی منداڵانی گەڕەك دەڵێت: (نووسەر مافی ئازادیی بیروڕا دەربڕینی هەیە و پێویستە تەنیا بە فیكر بە گژ فیكردا بچینەوە، نەك بە گولـلە یان شمشێر. حەڵاڵكردنی خوێنی خەڵكی، دژی یاساكانی نێودەوڵەتی و پرەنسیپە ئینسانییەكانە. لە سەدەكانی ڕابردوودا سەدان كتێب لە دژی ئیسلام نووسراون، بەڵام ئیسلام لاواز نه‌بووه‌، كتێبێك با زۆر گرنگیش بێت، ناتوانێت ئایینێك بهەژێنێت. وەك چۆن كوشتن تاوانە، هاندانی كەسانی دیكەیش بۆ كوشتنی ئەم و ئەو، هەر تاوانە. باشترین ڕێگە ئەوەیە ڕۆمانەكەی سەلمان ڕوشدی لێك بدرێتەوە و وەڵامی ناوەڕۆكەكەی بدرێتەوە. ئەگەر سەلمان ڕوشدی، بێ ئەوەی كەس گوشاری بخاتە سەر، هەستی كرد بە هەڵەدا چووە، جێی خۆیه‌تی داوای لێبوردن بكات.)

كە لە ساڵی ١٩٨٨دا مەحفووز خەڵاتی نۆبێڵ وەردەگرێت، ئیسلامییە توندڕۆكان هێندەی تر بەو ڕێزلێنانە جیهانییە دەهری دەبن. ئەوانێك كە شەیدای تاریكیین، بەو ڕووناكییەی دەخرێتە سەر مەحفووز، هاوكێشی لە دەست دەدەن. نەجیب مەحفووز كەسێكی هێمن و ئاشتیخواز بوو، حەزی لە ڕووبەڕوو بوونەوە نەبوو، بەڵام لە بواری نووسیندا كەسێكی بوێر بوو، نووسینەكانی ژیانیان لێ دەچۆڕا و لە ڕاژەی نوێبوونەوەی ژیاندا بوون. لە ٢٢ی فێبریوەریی ١٩٨٩دا، (نوور) كە ڕۆژنامەیەكی ئیسلامییەكان بوو، دەنووسێت: (نەجیب مەخفووز و سەلمان ڕوشدی دوو ڕووخساری یەك دراون. سەلمان ڕوشدی شاگردی نەجیب مەحفووزی نووسەری ڕۆمانی منداڵانی گەڕەكە و هەردووكیان خۆیان بە شەیتان فرۆشتووە.) ئیسلامییەكان بە درێژایی ساڵانی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ لە مینبەری مزگەوتەكانەوە خەریكی هەڵڕشتنی ژار بوون، نوێژی هەینی نەبوو شێخ عەبدولحەمید كوشك یان شێخ عومەر عەبدولڕەحمان، نەجیب مەحفووز بە كافر لە قەڵەم نەدەن و داوای پەڕاندنی ملی نەكەن.

شێخ عومەر عەبدولڕەحمان دەیگوت: (سەلمان ڕوشدی و نەجیب مەحفووز هەڵگەڕاوەن، ئەوی خراپ باسی ئیسلام بكات، هەڵگەڕاوەیە و ئەگەر تۆبە نەكات، پێویستە بكوژرێت. ئەگەر وەختی خۆی نەجیب مەحفووز لەسەر منداڵانی گەڕەك كوژرابا، سەلمان ڕوشدی زاتی نەدەكرد، ئایەتە شەیتانییەكان بنووسێت.) ڕێژنەی بارانی فەتوا هەر بەردەوام دەبێت، تا لە ١٤ی ئوكتۆبەری ١٩٩٤دا هەوڵی كوشتنی نەجیب مەحفووز دەدرێت. شێخ غەزالی هەر ئەو سەروەختە گوتبووی: (عەبدولحەمید كوشك نەزانە و عومەر عەبدولڕەحمانیش كەسێكی نەخۆشە، ئەگەرنا، ئەوانە دەبوو بزانن كە پەیامبەر(د.خ) فەرموویەتی: ئەگەر كەسێك بە برای خۆی گوت، تۆ كافریت، بەوە یەكێكیان كافر دەبێت.)(*)

زانای ئایینی و بیرمەندی ناسراو د. محەممەد سەلیم ئەلعەوا، دوای هەوڵی تیرۆركردنی مەحفووز، گوتی: (جیاوازیی بیروڕا، ئەو مافە بە كەس نادات، پەلاماری كەسێكی دیكە بدات، پەلاماردانی ئەم و ئەو لەسەر بیروڕا، هیچ دابونەریت و پرەنسیپ و شەرعێك قەبووڵی ناكات. ئیسلام خوێنڕشتنی حەرام كردووە، بە چاوپۆشین لەوەی، ئەوی بەر پەلامار دەكەوێت، موسڵمانە یان نا. ئەم حەرامكردنی خوێنڕشتنە بە ئاشكرا بە گوتاری ماڵئاوایی پەیامبەرەوە (د.خ) دیارە. ئەوی ئەو سنوورە ببەزێنێت، وەك ئەوە وایە لە خودا یاخی بووبێت. دڵی نەجیب مەحفووز هێندە گەورەیە، جێی هەموو مرۆڤایەتيی تێدا دەبێتەوە و پێویستە هەموو عەرەب شانازیی پێوە بكەن.) ئەو زانا ئایینییە ڕاستەقینەیە سەبارەت ڕۆمانەكەیشی گوتوویەتی: (منداڵانی گەڕەك ڕۆمانێكی نەمرە، بە شێوازێكی ئەدەبیی باڵا، باس لە خەم و خولیای ئینسان دەكات و هیچ سووكایەتییەكی بۆ ئیسلام تێدا نییە.)

نەجیب مەحفووز دەڵێت: (نووسینەكانم كۆن و تازەیان، پشت بە دوو ژێدەر دەبەستن، ئیسلام که‌ سەرچاوەی خێر و خۆشییە و زانست كە هەوێنی پێشكەوتنە، منداڵانی گەڕەكیش كە كەسانێك بە هەڵە لێكیان داوەتەوە، هەر لەو دوو سەرچاوەیەوە ئاو دەخواتەوە. كرۆكی ڕۆمانەكە بریتییە لەوەی نە ئایین بە تەنیا و نە زانست بە تەنیا، هیچیان پێ ناكرێت، پێكەوە دەتوانن خزمەت بە ئینسان بكەن. منداڵانی گەڕەك كتێبێكی فیكری نییە، باس لە خودا و پەیامبەر بكات، ڕۆمانە، كارێكی هونەرییە وەك كەلیلە و دیمنە، پشت بە ڕەمز و خەیاڵ دەبەستێت و لەبەر ڕۆشناییی ڕاستییە دیرۆكییەكاندا، سەرنج نادرێت.) رەجا‌ء نەققاش دەڵێت: (وەك چۆن ئیسلام لای (محەممەد ئیقبال)ی ( ١٨٧٧ـ ١٩٣٨) شاعیری گەورەی پاكستان، بریتیبوو لە سۆسیالیزم و بڕوابوون بە خوا، لای نەجیب مەحفووزیش ئیسلام بریتییە لە بڕوابوون بە خوا و بە زانست. لێكدانەوەی ئەدەب لەبەر ڕۆشناییی ئاییندا هەڵەیەكی ترسناكە، ئاخر بەو پێوانەیە، دەبێت كەس داستانی ئەلیادە كە تێیدا باس لە فرەخوداوەندی هەیە، نەخوێنێتەوە.)

ئەنوەر جوندی كتێبێكی هەیە، بە ناونیشانی (تەها حوسەین لە تەرازووی ئیسلامدا،) تێیدا دەڵێت: (تەها حوسەین كافرێكی مولحیدی مورتتەدە و جاسووسی فەڕەنسایشە.) هەر ئەو ئەنوەر جوندییە پێی وایە: ڕۆمان با تێیدا سووكایەتی بە ئیسلامیش نەكرابێت، هەر نووسین و خوێندنەوەی حەرامە، چونكە هونەرێكی ئیمپریالییە.)(**) ئەوەی زیاتر لە نیو سەدە بەر لە ئێستا لە میسر ڕووی دەدا، ئەوەی زیاتر لە نیو سەدە بەر لە ئێستا ئیخوانەكانی ئەوێ دەیانكرد، وا خەریكە لە كوردستان دووبارە دەبێتەوە، ئەوە نییە ئیسلامییەكانی ئێرەیش، داوای پێكهێنانی كۆمیتەی داكۆكیكردن لە ئیسلام و پشكنینی بیری نووسەران دەكەن! ئەوە نییە بۆ دادگاییكردنی نووسەرانی ئازادبیر خۆیان هەم دوژمن و هەم دادوەریشن! ئەوە نییە پێش ئەوەی مۆڵەت بدەن، فڵان نووسەر داكۆكی لە خۆی بكات، بە تاوانكار نێوزەدی دەكەن!

ئەگەر سنوور بۆ ئەو ئیسلامییانە دانەنرێت کە بەردەوام خەریكی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، كۆت و پێوەندكردنی ژن، كەویكردنی بیری ئازاد، بڕینی زمانی نووسەران و ناشیرینكردنی نیشتمانن، ئەوا هاکا هەژموونی خۆیان بە تەواوی بەسەر كۆمەڵدا سەپاند و جێیان بە دەسەڵاتی سازشکار لەق کرد و شوێنیان گرتەوە.
*
(*) من قال لاخیە یا كافر فقد با‌ء بها أحدهما.
(**) رجا‌ء النقاش، نجیب محفوظ واولاد حارتنا (مقالات رجا‌ء النقاش) كتاب دبي الِثقافیه ١٦ فبرایر ٢٠٠٨ دبي.