ھیندستان بۆ وای لێ ھات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ھیندستان بۆ وای لێ ھات؟

کۆرۆنا ھەر خۆی لە بنەرەتدا ڤایرۆسێکی سەیر بوو لە ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی تاوه‌كوو ئێستاش. بۆیە بەلامانەوە سەیر نەبێت کە چ بەسەر وڵاتانی جیھان دەھێنێت. ھیندستان دوو ھەفتەیە بەر شاڵاوی ھێرشێکی گەورەی کۆرۆنا کەوتووە. تاوه‌كوو ئێستا نزیکەی 20 ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوونە، زیاتر لە 218 ھەزار کەس گیانیان لە دەست داوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پار سال بەرزترین رێژەی تووشبوان بە کۆرۆنا 100 ھەزار کەس بوو. بەلام لەم چەند رۆژە ژمارەکە زۆر زیادی کرد. ھەڵبەت ئەم بارودۆخە ھۆکاری تایبەتی خۆیان ھەیە. زۆر کەس دەپرسن ھیند سیستەمی تەندروستی زۆر باشە بۆچی وای بەسەر ھات!

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوەی بەسەر ھینددا ھات، لە رابردوو بەسەر وڵاتانی تری زلھێزی جیھان، وەکوو چین و ئەمریکا و ئەورووپا بە گشتی ھات. لە سەروبەندی دابەشکردنی ڤاکسینەکانی ئەسترازینیکا و فایزەر. ھیندستان دوو جۆر ڤاکسینی دروست کرد و بە پشتبەستن بە رێکخراوی تەندروستیی جیھانی WHO خستیە بازاڕەوە. ئەوانیش ھەر یەکە لە ڤاکسینەکانی کۆڤاکسین و کۆڤیشێلد بوون. ھەڵە گەورەکەی ھیندستان ئەوە بوو پێش ئەوەی ئەم دوو ڤاکسینە بە تەواوەتی بۆ ھاووڵاتییانی خۆی بەکار بھێنێت ٤٠٪ى‏ ڤاکسینەکانی بەخشییە زیاتر لە ٩٥ وڵاتی وەکوو: ئەفریقیا، بەنگلادیش، میانمار، نیپاڵ، ماڵدیڤ، مۆرشیاس، بەرازیل، ئەفغانستان، مەنگۆلیا، گانا و ھتد...) کە بەشێکی بە پارە فرۆشت بە ٤٨ وڵات و بەشێکی تریشی بەخۆڕایی بەسەر ٤٧ وڵاتی تر دابەش کرد. وا باشتر بوو ھیند پێش ئەوەی ڤاکسینەکانی خۆی بدات بە وڵاتان و بیفرۆشێت بۆ ھاووڵاتییانی خۆی بەکاری ھێنابوایە.

لە بیر و باوەڕی ئایینی ھیندۆسی لە کۆنەوە تا ئێستا وتەیەکیان ھەیە کە دەڵێت (واسو دەی وەم، کوتوم بە کەم) واتە جیھان بە گشتی یەک خێزانە پێویستە ھەموومان پارێزگاری لێ بکەین. لەسەر ھەمان پەیڕەو ھیندستان ھەمیشە یارمەتیی ھاووڵاتییانی وڵاتانی سەرجەم جیھان دەدات، تەنانەت ئەگەر ناکۆکیشی لەگەڵیاندا ھەبێت. پاکستان دوژمنێکی سەرسەختی ھیندستانە، به‌ڵام لە ماوەی ڕابردوودا هیندستان یارمەتییەکی زۆری پزیشکی ھاووڵاتییانی پاکستانی دا، تا ئێستاش ڤیزا بە منداڵە نەخۆشەکانی پاکستان دەبەخشێت و بە دەیان منداڵی پاکستانیان چارەسەر کردووە بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و درێژخایەنیان ھەیە. بە ھەمان شێوە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییانى کوردستانیش بۆ چارەسەری دەڕۆنه‌ هیندستان، لە ساتەوەختی شەڕی داعش پزیشکانی ھیندستان یارمەتییەکی زۆری ھێزەکانی پێشمەرگەیان دا.

بەھۆی ئەوەی هیندستان لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو یارمەتییەکی زۆری ئەمریکای دا بە ناردنی 50 ملیۆن شیت حەبی ھایدرۆکسی کلۆرۆکوین بۆ چارەسەری تووشبوانی کۆرۆنا لە ئەمریکا، چوار ڕۆژ پێش سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسی کە ئێمە بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاریی ھیندستان دەکەین. ئێستا ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و رووسیا و بەریتانیا و بەشێکی زۆری وڵاتان ھاتوونەتە سەر خەت بۆ یارمەتیدانی ھیندستان، تاوه‌كوو لەم قۆناغە دەرباز بێت. بە گوێرەی زانیاریی پزیشکانی ئەو وڵاتە ئەو کۆرۆنایەی کە لە ھیندستان بڵاو بووه‌ته‌وه‌، ھەمان کۆرۆناکەی پێشووه‌، بەڵام ھەندێک خێراترە لە بڵاوبوونەوە. بارودۆخەکە لە ھەندێک شوێن خراپ و ھەندێک شوێن ئاساییە. مێترۆ و فرۆکەخانە و بازاڕ و دووکانەکان کراوەن، ڕێستورانتەکان بەشێوازی دیلیڤەری خواردن دەفرۆشن. دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان کراوەن بەلام کێشەی کەمی ئۆکسجینیان ھەیە. کۆمپانیا و کەرتی تایبەت و قوتابخانەکان دەوامیان راگیراوە. لە چەند ویلایەتێکی وەکوو تامیل نادوو، کیرالا، ئەسەم و بەنگالا ھەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت. تاوه‌کوو ئێستا قەدەغەی ھاتوچۆی سەرتاسەری ڕانەگەیندراوە. وەزارەتی بازرگانیی ئەو وڵاتە پێی وایە بە قەدەغەی ھاتووچۆ جووڵەی بازرگانی بە تەواوەتی لە کار دەکەوێت، چونکە لە قەدەغەی ھاتوچۆی ساڵى ڕابردوو جووڵەی بازرگانیی ھیند 24٪‏ کورتھێانی ھێنا. ئێستا دانانی ڤاکسین بۆ ھاووڵاتییان بوەتە ئیجباری، حکوومەتى وڵاته‌كه‌ لەسەر خەڵکی کردووە بە تایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 48 ساڵییە دەبێ ڤاکسین بەکار بێنن. بە مەزندەی پزیشکانی ئەم وڵاتە لە کۆتایی ئەم مانگە بارودۆخەکە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ دەکرێت.