سەرۆكی ڕژێمی سووریا بەر لە هەڵبژاردن لێبووردنی گشتی دەردەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆكی ڕژێمی سووریا بەر لە هەڵبژاردن لێبووردنی گشتی دەردەكات

تیرۆریستان و بازرگانی مادە هۆشبەرەكانیشی گرتووەتەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە بەشار ئەسەد سەرۆكی ڕژێمی سووریا لە سەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیدا لێبووردنێكی گشتی دەركرد.

بڕیارەكەی ئەسەد چەندین ئاستی تاوانباران دەگرێتەوە، لە تاوانی بچوكەوە تا تاوانە گەورەكان، هەندێك لەو تاوانبارانەش دەگرێتەوە كە سووكایەتیان بە سەروەریی سووریا كردووە بە پێی یاسای وڵاتەكە، هەروەها ئەوانەی بازرگانیان بە مادەی هۆشبەر كردووە، سەرباری ئازادكردنی بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان.

بەپێی لێبووردنەكەی بەشار ئەسەد، بەشێك لەو تاوانبارانەی مافی دارایی دەوڵەتیان لەسەر ماوە، دەبێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەو مافە داراییانە بۆ دەوڵەت بگێڕنەوە.

هەروەها لێبووردنەكە چەندین سزای لەسێدارەدانیشی گرتووەتەوە بە كەمكردنەوەی سزاكان بۆ زیندانیكردنی تاهەتایی.

ئەگەرچی بڕیاری لێبووردنە گشتییەكە بەشێك لە تاوانبارانی تیرۆریستیشی گرتووەتەوە، بەڵام ئەو تیرۆریستانەی نەگرتووەتەوە كە هێرشە تیرۆریستییەكانیان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان.

جێی باسە ئەم بڕیارەی ئەسەد لە كاتێكدایە مانگی رابردوو ئەنجوومەنی گەلی سووریا ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە "ئایار"ی دیاری كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریا، سەرەڕای ئەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا هەڵبژاردنەكە بە گاڵتەجاڕی و شانۆگەرییەكی لاواز وەسف دەكەن.