ناوی خۆمت زۆر جوان گوتەوە نۆرەی ناوی باوكمە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ناوی خۆمت زۆر جوان گوتەوە نۆرەی ناوی باوكمە!

لەدوای ساڵی 2003وە، ئەوە بۆ 18 ساڵ دەچێت، دەڵێن ئەمساڵ كێشەی كەمیی كارەبا ناھێڵین، بەڵام 18 ساڵ ڕۆییشتووە و ھەر ئێستا و لەبەر بێكارەبایی گەرما پڕوكاندوونی، بۆیە خۆپێشاندانەكان لە بەشێك لە شارەكانی عێراق دەستیان پێكردووەتەوە. جارێ عێراق خۆی دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار پارەی غازی كارەبای ئێران قەرزدارە كە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا پشتی بەم غازەی ئێران بەستووە.

ساڵانە ھەر كە گەرما زۆریان بۆ دەھێنێت، لە وەزارەتی كارەبای عێراقەوە سەردانی ھەرێمی كورستان دەكەن بۆ ئەوەی ھەرێم ڕۆڵی ھەبێت لە كەمكردنەوەی كێشەی كەمیی كارەبا لە عێراق، كەچی د. كەمال حوسێن، سەرۆكی دەستەی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان، دەڵێت: ”ھەتا ساڵی 2030 عێراق دەبێتە خاوەنی هەشت وێستگەی ئەتۆم و نزیکەی 14٪ تا 25٪ی کارەبای عێراق لەو وێستگانە بەرهەم دەھێنرێت“.

ھەر ئەم سەرۆكی دەستەیە زیاتر لەسەری دەڕوات و دەڵێت: ”ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت ببێتە خاوەنی وێستگەی ئەتۆم، هاوکاریی دەکەین“، ئەم عێراقە كەچەڵە تیماری سەری خۆی پێناكرێت كەچی دەیەوێت وەھای بخاتە ڕوو كە ھەرێم بریندارە و ئەوە عێراقە دەیەوێت تیماری ھەرێمی كوردستان بكات، كەچی لەڕاستیدا عێراق خۆی وێران و بریندارە و برینەكانیشی زۆر قووڵن، چۆن؟

1- ساڵی 2019 عەباس جەبر، بریكاری وەزارەتی كارەبای عێراق، لە گۆنگرەی وزە لە قاھیرەوە ڕایگەیاند: ”بەبێ ھەرێمی كوردستان - چونكە ئەوان كارەبا بۆ خۆیان بەرھەم دەھێنن - ئەگەر كارەبای تەواو بۆ گشت ھاووڵاتیان و دامەزراوەكان دابین بكرێت، عێراق پێویستی بە زیاتر لە 23 ھەزار مێگاوات كارەبا ھەیە، بەڵام ئێمە ئێستا ناتوانین ئەو بڕە دابین بكەین و نزیكەی 4 ھەزار مێگاوات كەمتر لەو بڕە پێویستە بەرھەم دەھێنین، بەڵام ھەتا سێ ساڵی تر ئەم بڕەش بەرھەم دەھێنین“، ئەو لێدوانە ھی ساڵی 2019یە، بەڵام لەو كاتەوە ھەتا ئێستا دوو ساڵ لەو سێ ساڵە ڕۆییشت، كەچی تازە بەتازە خۆپێشاندان بۆ كارەبا دەست پێدەكاتەوە.

2- ئینجا ئێستا و لە ساڵی 2021دا، سەرۆكی دەستەی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان، وەعدی ئەوە بە عێراقیەكان دەدات كە ھەتا ساڵی 2030 عێراق دەبێتە خاوەنی هەشت كوورەی ئەتۆمی و بەمەش نزیکەی 14٪ تا 25٪ی کارەبای عێراق لەو وێستگانە بەرهەم دێت و ئەگەر ھەرێمی كوردستانیش بیەوێت دەتوانن یارمەتیی بدەن. ئەوە بە مەرجێك ئێران لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی بیستەمەوە خەریكی بەرنامەی ئەتۆمیە و لە ساڵی 2012 واتە بە نزیكەی 60 ساڵ ئینجا توانرا وێستگەی بوشەھر تەواو بكرێت و تەنیاش 1000 مێگاوات كارەبا وەك ئەوپەڕی توانای بەرھەمھێنان لەو وێستگە ئەتۆمیە دابین بكات. كەچی ئێستا ئەم كاك كەمال حوسێنەی عێراق دەیەوێت بە نۆ ساڵ عێراق بكاتە خاوەنی هەشت كوورەی ئەتۆمی و ئەو كاتەش بە ھەر هەشت كوورەكە 14٪ بۆ 25٪ی کارەبای عێراقیان پێ بەرھەم دەھێنرێت.

با بڵێین لەنێوان ئەو دوو ڕێژەیەدا 20 ٪، یەعنی 2600 مێگاوات، واتە تێكڕای توانای ھەر كوورەیەكی ئەتۆمی لەو هەشت كوورەیە 325 مێگاواتە، ئەمە ئەگەر عێراق ئێستاش ھەر وەك ساڵی 2019 پێویستی بە 23 ھەزار مێگاوات كارەبا ھەبێت! ئینجاش ھەتا ساڵی 2030 ھیچ ماڵێك و ھیچ خێزانێك و ھیچ دامەزراوەیەكی ئابووری و ئیداری لە عێراق زیاد نەكەن و عێراق لە سووڕی متبووندا بێت، ھەتا ساڵی 2030! دوای ئەم ھەموو گریمانانە، ئەگەر ھەرێمی كوردستانیش داوا لە عێراق بكات عێراق ھاوكاریی دەكات بێ ئەوەی بشڵێن ھاوكاریەكە چیە و چۆنە؟ ئەوە بە مەرجێك ھەر ئەمڕۆ 2 – 5 لە گەرمیان وێستگەیەكی كارەبایی 165 مێگاواتی بەڵام بەبێ كوورە ئەتۆمیەكەی عێراق! كرایەوە.

گوتی: بێزەحمەت ناوت چیە؟
لە وەڵامدا گوتی: ناوم یوسفە.
ئەویش گوتی: ئێ ئێ یوڵفس! ئەی ناوی باوكت؟
ئەویش گوتی: ناوی خۆمت زۆر جوان گوتەوە نۆرەی ناوی باوكمە!
عێراقیش كارەباكەی بە غاز و پاشماوەكانی نەوت زۆر جوان بەرھەم دەھێنێت، نۆرەی كوورەی ئەتۆمیە! جا ھەرێمی كوردستانیش ھیچ نەكات ھەتا ساڵی 2030 بۆ ئەوەی بەڕێگەی شیردا بۆ داپیردا عێراق ھاوكاریمان بكات! ماشەڵا لە عێراق و لە بەڕێوەبەرەكانی!