زەریف داوای لێبووردن لە کچەکەی قاسم سولەیمانی دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

زەریف داوای لێبووردن لە کچەکەی قاسم سولەیمانی دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لێبووردن لە کچەکەی فەرماندەی کوژراوی سوپای قودسی وڵاتەکەی، دەکات.

لە مانگی 4ـی ئەمساڵ، بەشێک لە میدیا ئێرانییەکان، ئەوانەی لە دەرەوەن، تۆمارێکی دەنگییان بڵاو کردەوە، کە تێیدا محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی سوپای قودسی ئێرانی بە تێکدانی هەنگاوە دیپلۆماسییەکان تۆمەتبار دەکات.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام) رایگەیاندووە: بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکە هەستی ”راستگۆیانە“ی خانەوادە و خۆشەویستانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی سوپای قودس، ”بەتایبەت زەینەب“، بریندار کرد.

محەمەدجەواد زەریف داوای لە زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی، گەلی ئێران و خۆشەویستانی قاسم سولەیمانی کردووە لێی ببوورن.

دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی زەریف، زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی وێنەی دەستی پەڕیوی باوکی، کە لەکاتی بۆردومانکردنیدا لە تەرمەکەی جیابووە، بڵاو کردەوە و رایگەیاند: ”ئەوە بەهای مەیدانە لەپێناو دیپلۆماسیەت“.

بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی و پاسداران، کوژران.