كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گرووپی هیوا لە بەشداریی هەڵبژاردن شكست دەهێنێ و ئینشیقاقی تێدەكەوێت

توێژەرێکی سیاسی: گرووپی هیوا شکستی هێنا لە بەدیهێنانی ئامانجی میلیشیاکان لە هەرێمی کوردستان

گرووپی هیوا شکستی هێنا و نەیتوانی بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و چاوەڕوانکراوی عێراق لە هاوپەیمانیەتییەکەی بەردەوام بێت و بچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، توێژەرێکی سیاسییش ئاماژە بەوە دەدات ئەو گرووپە نەیتوانی ئامانجی میلیشیاکان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێب کات، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی شکستهێنانیانە.

گرووپی هیوا کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردی پارتە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێکهاتبوو، لە ماوەی رابردوو ئەو گرووپە زۆرترین هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان و کارەکانی هاوشانی میلیشیاکان و حزبە شیعیەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان چڕ كردبووەوە لە دژایەتیكردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان.

ئەم گرووپە كە بە تایبەتی لە بابەتی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دژایەتی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، بە پێچەوانەشەوە خۆیان وا پێشان دەدا گوایە دەیانەوێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەرنە سەر بەغدا، بەڵام لەگەڵ پەسەندکردنی بوجە و رێکەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێویست نەمانی ئەو گرووپە لەلایەن میلیشیاکانەوە، بەپێی زانیاریەکانی (باسنیوز) کێشە کەوتووەتە نێوان ئەندامانی ئەو گرووپە و هاوپەیمانیەتییەکەی نێوانیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی عێڕاق شكستیهێناوە.

سۆران سێوکانی توێژەری سیاسی بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند رەنگە هەر لە سەرەتاوە ئامانجی ئەو گرووپە بەشداری نەبووبێت لە هەڵبژاردن بەڵام شکستهێنانیان لە بەدیهێنانی ئامانجەکەیان هۆکارە بۆ لێکترازانیان، گوتیشی ”خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە گرووپی هیوا شکستی هێنا لە بەدیهێنانی ئامانجی میلیشیاکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها رێگریکردن لە پەسەندکردنی بودجە بەو شێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێکەوتووە، لەگەڵ ڕێگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بە گشتی، هەموو ئەوانە کاریگەری هەبووە لەسەر لێکترازانی نێوان ئەندامانی ئەو گروپە کە میلیشیاکان دوای پەسەندکردنی بودجە و سەرکەوت و تێپەڕاندنی قۆناغەکە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پێویستیان بەو گروپە نەماوە“.

گوتیشی ”ئەو گرووپە هەر بە زۆڵی لەدایک بوو، هەروەکو بینرا بە زۆڵیش هەڵوەشایەوە، هەریەکەیان هەڵبژێردراوی حزبێک بوون، بۆ ئەو کارانەی کە پێیان سپێردرابوو، کە لە هەموو حزبەکانی تیابوو جگە لە پارتی، ئێستاش کە شکستیان هێناوە ئەوانە دەگەڕێنەوە ناو حزبەکەی خۆیان یان رەنگە بەشێوەی دیکە خۆیان کاندید بکەن، ئەوەی بیستوومە جەمال کۆچەر خۆی سەربەخۆیانە کاندید دەکات، بەڵام قەناعەتم وایە بەبێ پشتیوانی حزبی ناتوانێ ١٠٠ دەنگیش بهێنێت“.