كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
د. ڕێزان هەردی 30/04/2021

ڕۆژووشكاندنی بەپەلە بووە هۆی گیان لەدەستدانی گەنجێك

د. ڕێزان هەردی

مانگی ڕەمەزانی پیرۆز مانگی ئارامی و بەخشندەیی و خۆڕاگرییە، بەڵام بە داخەوە ئێمەی پزیشک و کارمەند لە نەخۆشخانە ڕووبەڕووی کارەساتی ناخۆش و زۆر ڕووداوی نەخوازراو دەبینەوە.
لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا کوڕێکی گەنجیان بۆ نەخۆشخانەی شار بەشی فریاکەوتن هێنا، ئەم گەنجە لە کاتی ڕۆژووشکاندندا، لە کاتێکدا قسەی کردبوو و زۆر بەپەلە نانی خواردبوو، بەداخەوە پاروویەک پەڕیبووە بۆڕی هەناسەی و ڕێگەی هەناسەدانی لێ گرتبوو. دیارە کەسوکارەکەشی بە شێویەکی زانستی نەجوڵابوونەوە و بووبوو بەهۆکاری گرتنی بۆڕی هەناسەی و نەچوونی ئۆکسجین بۆی و دواتر وەستانی دڵی.
زۆر بەداخەوە لەگەڵ هەموو ئەوهەوڵانەی بۆی درا، نەتوانرا ژیانی ڕزگار بکرێت، چونکە بۆڕی هەناسەی پڕ لە خواردن بوو.
ڕۆژانە چەندین ژن و پیاو بە سکئێشە و سکچوون و ڕشانەوە سەردانی بەشەکەمان دەکەن، چونکە لە پارشێودا ناوساجی و کولێرە بەقیمە دەخۆن.
سەیر ئەوەیە هەموو ئەم نەخۆشانە خۆیان دەڵێن، بێ ڕۆژووش بە کۆلێرە بەقیمە و ناوساجی و قبووڵی و شلەی زۆر هەمان بارودۆخیان بەسەردا دێت.
هەندێک نەخۆشی شەکرە لە کاتی ڕۆژوو شکاندندا دەکەونە سەر شیرینی، ئەویش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکر و دەبوورێنەوە و دەگەیەندرێنە نەخۆشخانە، تكایە ئەگەر كەسێك نەخۆشی شەکرەی هەیە و پزیشک ڕێگەی ڕۆژووگرتنی پێداوە، مانای ئەوە نییە کە ڕۆژووەکەی شکاند بکەوێتە شیرینی خواردنی بێسنوور، هیچ حیسابێک بۆ نەخۆشیەکەی نەکات.
تکایە لە کاتی پارشێودا شتێکی سووک بخۆن، تا گەدەتان ناڕەحەت نەکات. لە کاتی ڕۆژووشکاندن لەسەرخۆ و ئارام نان بخۆ و تا دەتوانن کەم بخۆن، با نەبێتە کارەساتێکی گەورە بۆ خۆتان و خێزانەکەتان.
ڕۆژووگرتن بۆ ئەوەیە فێری خۆڕاگڕی و لەسەرخۆیی و ئارامی بن و هەست بە ئازار و ناڕەحەتی کەسێکی هەژار و برسی بکەن، نەک بەدەر لە ڕێنمایی پزیشکی و بە پەلە نان بخۆن و زۆرخۆری بكەن.