رۆحانی بەهۆی دەنگەکەی زەریف لەبارەی سولەیمانی راوێژکارێکی خۆی دوور دەخاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رۆحانی بەهۆی دەنگەکەی زەریف لەبارەی سولەیمانی راوێژکارێکی خۆی دوور دەخاتەوە

سەرکۆماری ئێران بەهۆی تۆمارە دەنگییەکەی وەزیری دەرەوە لەبارەی فەرماندەی کوژراوی سوپای قودس، راوێژکارێکی خۆی لە کارەکەی دوور دەخاتەوە.

ماوەیەک لە مەوبەر بەشێک لە میدیا ئێرانییەکان، ئەوانەی لە دەرەوەن، تۆمارێکی دەنگییان بڵاو کردەوە، کە تێیدا محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی سوپای قودسی ئێرانی بە تێکدانی هەنگاوە دیپلۆماسییەکان تۆمەتبار دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-4-2021 بڕیاری دوورخستنەوەی حوسامەدین ئاشنا، کە لە ساڵی 2013ـەوە راوێژکاری خۆیەتی، داوە.

حوسامەدین ئاشنا لەلایەن بەرپرسانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی دەنگەکەی محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی سوپای قودس، تۆمەتبار دەکرێ.

پێشتر لە رۆژی چوارشەممە 28-4-2021 (دوێنێ)، سەرکۆماری ئێران رایگەیاندبوو: بڕیاربوو بەشێکی چاوپێکەوتنەکەی محەمەدجەواد زەریف (ئەو بەشەی تێیدا باسی قاسم سولەیمانی دەکات)، بۆ مێژوو هەڵبگیرێت و تەنیا بەشێکی کەم لە بەرپرسەکان بیبینن.

حەسەن رۆحانی پێی وایە ئەو کەسەی تۆمارە دەنگییەکەی زەریفی بڵاو کردووەتەوە هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە لە ئێران دەدات و داوای لە وەزارەتی هەواڵگری کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسە بکەن، ”بە جددی و بەبێ بەزەیی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسە دەکەین“.

هەروەها رۆحانی داوای لە دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و میدیاکانی وڵاتەکەی کردبوو بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسە بکەن، چونکە ئێران ”بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێ و دوژمن دەیەوێ ناکۆکی بخاتە نێوانمان“.

بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی و پاسداران، کوژران.

وێنەیەکی حوسامەدین ئاشنا