رۆحانی: بڕیار نەبوو دەنگەکەی زەریف لەبارەی سولەیمانی بڵاو بکرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رۆحانی: بڕیار نەبوو دەنگەکەی زەریف لەبارەی سولەیمانی بڵاو بکرێتەوە

سەرکۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، بڕیاریان دابوو بەشێکی چاوپێکەوتنەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، کە تێیدا قسە لەبارەی فەرماندەی کوژراوی سوپای قودسی ئێرانی دەکات، بۆ مێژوو هەڵبگیرێت.

ماوەیەک لە مەوبەر بەشێک لە میدیا ئێرانییەکان، ئەوانەی لە دەرەوەن، تۆمارێکی دەنگییان بڵاو کردەوە، کە تێیدا محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی سوپای قودسی ئێرانی بە تێکدانی هەنگاوە دیپلۆماسییەکان تۆمەتبار دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28-4-2021، حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئێران رایگەیاندووە: بڕیاربوو بەشێکی چاوپێکەوتنەکەی محەمەدجەواد زەریف (ئەو بەشەی تێیدا باسی قاسم سولەیمانی دەکات)، بۆ مێژوو هەڵبگیرێت و تەنیا بەشێکی کەم لە بەرپرسەکان بیبینن.

حەسەن رۆحانی پێی وایە ئەو کەسەی تۆمارە دەنگییەکەی زەریفی بڵاو کردووەتەوە هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە لە ئێران دەدات و داوای لە وەزارەتی هەواڵگری کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسە بکەن، ”بە جددی و بەبێ بەزەیی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسە دەکەین“.

سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کاتی بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکە هاوکاتە لەگەڵ ”سەرکەوتن“ی ئێران لە گفتوگۆکانی تایبەت بە رێککەوتننامەی ناوکی لە ڤیەننا.

حەسەن رۆحانی داوای لە دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و میدیاکانی وڵاتەکەی کردووە بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسە بکەن، چونکە ئێران ”بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێ و دوژمن دەیەوێ ناکۆکی بخاتە نێوانمان“.

رۆحانی پەیامی بۆ وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ”وڵاتانی کۆنەخواز“، کە مەبەستی شانشینی عەرەبستانی سعودیەیە، ناردووە و رایگەیاندووە: ”ناتوانن ئامانجەکانتان لە ئێران بەدەست بهێنن“.

بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی و پاسداران، کوژران.