تارا شوان: ئەمریكا بەردەوام هەوڵ دەدات وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

تارا شوان: ئەمریكا بەردەوام هەوڵ دەدات وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات

تارا شوان، بەرپرسی ئینستیتیوتی ئابووریی ئەمریكی- كوردی، لە چاوپێكەوتنێكی (باسنیوز)دا چەندین پرسی گرنگی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو.

سەرەتا باسی لە وەبەرهێنانی ئەمریكی لە هەرێمی كوردستاندا کرد و گوتی: "ئەمریكا بەردەوام هەوڵ دەدات وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات، بۆ ئەمەش پلان و ستراتیژیی بەهێزی هەیە، كە ئێمە پێمانوایە هاوكار دەبێت بۆ زیاتر بووژانەوەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش ئیدارەی بایدن، کە بە پێچەوانەی ئیدارەی پێشوو، جووڵەی دیبلۆماسی و ئابووری لەگەڵ عێراق و وڵاتانی عەرەبی ئاسایی كردەوە و ئەمانە ئاماژەی باشن بۆ ئەوەی ئەمریكا زیاتر لە هەرێمی كوردستان و عێراق بێتە پێشەوە".

 بەرپرسی ئینستیتیوتی ئابووریی ئەمریكی- كوردی روونیشی كردەوە: "تا ئێستا ئەمریكییەكان زیاتر لە بواری نەوتدا وەبەرهێنانیان كردووە، بەڵام بەردەوام رێنمایی و پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانیان كردووە، بۆ هەنگاونان لە كەرتەكانی دیكەی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بوارەكانی دیكە".

 تارا شوان باسی ئەزموونی بایدنی کرد و گوتی: "بایدن زیاتر لە 35 ساڵە زانیاری لەسەر كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا هەیە، پێشتر پرۆژەی بۆ هەڵسانەوەی عێراق هەبووە، ئەوەی لەبەردەم هەنگاوەكانی بایدن رێگر بێت، كاریگەریی سیاسەتی وڵاتانی ناوچەكەیە، چونكە سیاسەت و میكانیزمی كاركردنی بایدن لە عێراق، تەنیا پەیوەست نابێت بە دۆخی ناوخۆیی عێراق، بەڵكوو چەندین هاوكێشەی دیكەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، كاریگەریی بەجێ دەهێڵن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی، بەدڵنیاییەوە ئیدارەی بایدن هەنگاوی باشتر دەنێت، لەبەرئەوەی تێگەیشتنی زیاتری بۆ رووداوەكانی ناوچەكە هەیە".

بەرپرسی ئینستیتیوتی ئابووریی ئەمریكی- كوردی لەبارەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستانەو گوتی: "لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا هۆكارەكانی سەرهەڵدانی قەیرانەكانی ساڵانی رابردوو بەردەوامە و كێشەكانیش بەردەوامن، بۆ نموونە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەكراون، نرخی نەوت دابەزیوە، هەرچەندە ئێستا روو لە زیادبوونە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا كێشەی گەورەی دروست كردبوو. سەرەڕای ئەوەش، كێشەكانی پەیوەست بە سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا و چالاكییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ئەوەندە كەم نین، تا كاریگەرییان لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان و ناوچەكە نەبێت".

تارا شوان وەكوو شارەزایەكی ئابووری پێی وایە، بەدڵنیاییەوە بودجەی هەرێمی كوردستان ساڵی 2021 زۆر كێشە چارەسەر دەكات، گرنگترینیان شەفافیەت و روونبوونەوەی خەرجییەكانە، ئەوەش بۆ هەنگاوەكانی حكوومەت و كەمكردنەوەی گەندەڵی لە سەرچاوەكانی داهات و رێكخستنەوەیان، بە جۆرێك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا دەبێت و گرنگە.

 باسی لەوەش كرد: "كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنین، بەتایبەتی لەڕووی دژایەتیكردنی گەندەڵی و چاكسازییەوە، بەڵام بەداخەوه ئەم كابینەیە لە سەرەتاوە رووبەڕووی لەمپەری كۆرۆنا و كێشەی دابەزینی نرخی نەوت بووەوە، سەرەڕای ئەوەش بە زیادكردنی داهات توانی تا ڕادەیەك مووچە بدات، هەرچەندە لێبڕین و دواكەوتن هەبووە، بەڵام توانراوە بەو هەموو لەمپەرەوە كاری زۆر باش بكات. بۆ زیادكردنی داهاتیش، لە ڕێگای رێكخستنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان و شەفافیەت و كەمكردنەوەی بندیوار، دەتوانێت چارەسەری زۆربەی كێشەكان بكات و بەهێزتر لەگەڵ بەغدا مامەڵە بكات".

جەختیشی كردەوە، رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا و پەسندكردنی بودجە هەنگاوی گرنگن، كە نراون و زۆر كەس هەبوون داوایان دەكرد هەولێر دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بكات، کە داوایەکی نادەستوورییە و ئەگەر ئەوە بكرایە، قەوارەی هەرێمی كوردستان هیچ گرنگییەکی نەدەما".

لەبارەی سیاسەتی سەربەخۆی نەوت، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری بۆ دەکات و لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقیشدا چەسپاوە، بەرپرسی ئینستیتیوتی ئابووریی ئەمریكی- كوردی رای گەیاند: "نەوت كاڵایەكی نێودەوڵەتییە و لە هەموو سێكتەرێكدا رۆڵی دەبێت، بۆیە بوونی سیاسەتی سەربەخۆی نەوتی زۆر گرنگە و دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان چەندە باش بێت، پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت".

تارا شوان، رێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی بودجەوە بە رێكکەوتنی هاوسەنگ و دەستووری وەسف کرد و رای گەیاند: "رێكکەوتنەکە هەموو ئەو بۆچوونانەی رەت كردەوە، كە پێیان وابوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت رێك بكەوێت".

 بەرپرسی ئینستیتیوتی ئابووریی ئەمریكی- كوردی راشی گەیاند: "پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کاریگەری لە پەسەندکردنەکەدا هەبوو و ئەمریکییەکانیش بەم هەنگاوە دڵخۆش بوون، زۆر گرنگە".