٦ی گوڵان ڕۆژی سنە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ماوەی سێ ساڵە رۆژی ٢٦ی ئەپرێڵ یان ٦ی گوڵان لە لایەن ئەنجوومەنی کلتووریی گشتیی پارێزگای کوردستان بە ناوی رۆژی سنە/ سەنەندەج دیاریکراوە و ئەم بۆنەیە لە رۆژمێری ئێران تۆمار کراوە.

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم رۆژە هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری سەر لە نوێ دروستکردنی شاری سنە لە لایەن شا سەفی، شەشەمین پاشای دەسەڵاتداری سەفەوییەکان (١٦٢٩-١٦٤٢ی زایینی)، کە ئەم بڕیارە لە لایەن سولەیمان خانی ئەردەڵان لە ١٦٣٦ی زایینی جێبەجێ کراوە.

هەر بەم مەبەستە دوێنێ دووشەممە لە شاری سنە کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجامدرا کە زۆرینەیان دەکەوێتە چوارچێوەی چاڵاکی کلتووری و بە هۆی بڵاوبوونەوە و تەشەنە کردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە رؤژهەڵاتی کوردستان ئەم چاڵاکیانە بە شێوازی ئۆنڵاین ئەنجامدراوە.

مێژووی ژیانەوە و شارستانییەت لە شاری سنە زۆر کۆن و دێرینە بەڵام لە سەدەی شەشەمی ساڵنامەی مانگی (قەمەری) ئەم شارە بە هۆی بوومەلەرزەیەکەوە بە تەواوەتی وێران دەبێت و ئاوەدانی و نیشتەجێ بوون لەم شارە نامێنێت بۆیە لە سەردەمی شا سەفی و بە فەرمانی ئەو، خاندانی ئەردەڵان لە چوار شوێنی کوردستان (کە ئەو کاتە لە ژێر دەسەڵاتداری سەفەوییەکان بووە) سلێمانی، سنە، مەریوان، پاڵنگان چوار قەڵا درووستدەکەن و بە رێگایەکی هاوبەش پێوەندیان دەدەن بە یەک. هەر لەو کاتەوە سلیمان خانی ئەردەلان ناوەندی دەسەڵاتداری ئەردەڵانەکان لە قەڵای حەسەن ئاباد و پاڵنگان بۆ سنە دەگوازرێتەوە.

شاری سنە یەکێکە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن رێکخراوی جیهانی یونسکۆ وەک "شاری داهێنەری موسیقا" هەڵبژێردراوە کە لە جیهان بێجگە لە شاری سنە ٤٧ شاری دیکە ئەم نازناوەیان وەرگرتووە.