فینلاند دەرگای بەندیخانەكانی دەكاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فینلاند دەرگای بەندیخانەكانی دەكاتەوە

پرۆسەی چاكسازییش خێراتر دەكات

دیمەنێكی دوورگەی سوۆمێن ڵینا

چەند ساڵێكە بەندیخانەیەكی ئازاد لە دوورگەیەكی پایتەختی فینلاند بووەتە جێی سەرنجی شارەزایان و تایبەتمەندانی بوارەكە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەندیخانەكە لەچاو بەندیخانەكانی تری وڵاتەكە و ناوچەكە، خەرجیی كەمتری تێدەچێت و لە ڕووی چاكسازییشەوە ئەنجامی باشتری لێ كەوتووەتەوە.

فینلاند یەكێكە لەو وڵاتانەی باكووری ئەورووپا كە گرنگی زۆرتر بە سیاسەتی ناوخۆیی بۆ ڕێكخستنی بەندیخانەكان و چاك كردنی بەندكراوان دەدات، لە چەند ساڵی رابردووشدا دەستی دایە كردنەوەی بەندیخانەی ئازاد، یەكێك لەو بەندیخانە ئازادانەش كەوتووەتە دوورگەیەكەوە بەناوی "سوۆمێن ڵینا" كە تەنها نزیكەی ١٠ كیلۆمەترێك لە ناوەندی هێلسینكیی پایتەختی وڵاتەكەوە دوورە.

بەندكراوان ئازادانە بە ناو ئەو دوورگەیەدا دەگەڕێن و سەردانی ماركێت، كافێ و چێشتخانەكانی دوورگەكە دەكەن، لە كاتێكدا دوورگەی سوۆمێن ڵینا دوورگەیەكی گەشتیارییە، ساڵانە لە هەر چوار وەرزدا، تەنانەت لە ڕۆژانی بەستەڵەكیشدا، گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەكییش سەردانی دەكەن.

لە بەندیخانەی سوۆمێن ڵینادا دەرگاكان كلیل و قفل نادرێن، بەڵكو لە شێوەی میوانخانەی كراوەن و بەندكراوان بە ئازادی خۆیان هاتوچۆ دەكەن، لە هەمان كاتدا بەندكراوان لەو بەندیخانەیەدا فێری پیشەی دڵخوازی خۆیان دەكرێن، بە تایبەتی پیشەسازی و چاندن و بەخێوكردنی ئاژەڵی ماڵی وەكو سەگ و پشیلە، لە بەرانبەر كاركردنیشیاندا لەو پیشانە، مووچەیان پێدەدرێت.

هەر بەندكراوێك لە سوۆمێن ڵینا، دوو مانگ جارێك سێ ڕۆژ پشووی هەیە، دەشتوانێ لەم پشووەدا گەشت بۆ دەرەوەی دوورگەكە بكات، هەروەها بەندكراو خاوەن مۆبایلی خۆیەتی، ئەگەر بەندكراوێكیش بیەوێت لە زانكۆی شاردا بخوێنێت، ئەوا وەك هەر هاووڵاتییەكی تر حكوومەت هاوكاری دارایی پێشكەش دەكات.

سەرباری ئەوەی لەم ساڵانەی رابردوودا حكوومەتی فینلاند رای گەیاندووە لە ڕووی چاكسازییەوە ئەنجامی باشتری دەستكەوتووە لەم بەندیخانانەدا، ئەوەشی نەشاردووەتەوە كە خەرجی و تێچوونی بەندكراو لە بەندیخانەی ئازاد زۆر كەمترە بە بەراورد لەگەڵ بەندیخانە داخراوەكاندا.

بەندراوێكی سوۆمێن ڵینا بە ناوی ماركۆ كاریاڵاینێن كە چوار ساڵ حوكم دراوە بە هۆی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەرەوە، بە پەیامنێری ماڵپەڕی "یۆرۆنیوز"ی راگەیاندووە كە خەونی ئەوەیە ببێتە ڕاهێنەری وەرزشی لە داهاتوودا، بۆیە لەو بەندیخانەیەدا دەستی كردووە بە خوێندن لە بوارەكەدا.

لەبارەی ئەزموونی خۆیشیەوە لەو بەندیخانە ئازادەدا دەڵێ بارودۆخەكەیان بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ بەندیخانەی ئاساییدا، لە بەندیخانەی ئاساییدا بەندكراو دادەنیشن لە چاوەڕوانی تەواوكردنی ماوەی بەندكردنیان، بەڵام لەم بەندیخانەیەدا بەندكراو ڕۆژانە دەخوێنێت و كار دەكات.

جێی باسە ئێستا نزیكەی نیوەی بەندكراوانی فینلاند، ماوەی بەندكردنیان لە بەندیخانەی ئازاد بەسەردەبەن و حكوومەتیش پێیوایە ئەم سیستەمەیان جگە لەوەی بووەتە هۆی كەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان لە ناو كۆمەڵگەی فینلاند، لە ناو خودی بەندیخانەكانیشدا بووەتە هۆی نەمانی توندوتیژی و كەمبوونەوەی كێشە.

 

چەند دیمەنێكی دوورگەكە: