كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

میتراییزم چۆن گەیشتە ئەورووپا؟

5

پلووتارک، ئەو مێژوونووسەی سەدەیەک دوای مەسیح لە یۆنان ژیاوە، دەڵێت: "رۆمییەکان لەڕێگەی دەریاوانەکانی ئاسیای بچووکەوە، کە زۆربەیان چەتەی دەریا بوون، لەگەڵ میترا ئاشنا بوون و ئەوان رۆڵی سەرەکییان لە بڵاوبوونەوەی ئایینی میترا لە ئەورووپا گێڕاوە".

لە سەردەمی شاپووری یەکەم کوڕی ئەردەشێری بابەکان، کە مێژوونووسەکان لەسەر کوردبوونی کۆکن، لە نێوان حکوومەتی ساسانییەکان و گردیانووس، پاشای رۆما، جەنگێکی مەزن لە نێوان کوردستانی ئەو سەردەمە و رۆما رووی دا. لەو کاتەدا پوولی ئاسنی لەلایەن ئیمپراتۆریای رۆما لێ درا، کە نەخشی میترای لەسەرە، لە کاتی کوشتنی گا.

لێدانی ئەو پوولە لەو کاتەدا، یان بۆ پروپاگەندەی ئایینی بووە، یان بە گوتەی ئی. ویلی مێژوونووس، بە مەبەستی رێزگرتن لە خواوەندی ئارییەکان (کوردستانی کەونارا) بووە، کە رۆمییەکانیش باوەڕیان پێی بووە، چونکە جەنگەکە لەگەڵ وڵاتێک بوو، کە لانکەی میتراییزم بوو و دەیتوانی ببێتە جەنگێکی مەزهەبی و رەنگ و بۆی سیاسی بەخۆوە بگرێت".

ئەم پوولە ئاسنییە ئاشکرای دەکات، لانیکەم میترا لە شاری تارس رێزی لێ گیراوە. شاری تارس یان تارسووس، شارێکی مێژوویی سەر بە پارێزگای مێرسینە و لەو سەردەمی ئیمپراتۆری رۆمییەکان، ناوەندی پارێزگای کیلیکیە بووە و گردیانووس بۆ جەنگ لەم شارەوە گوزەری کردووە.

پلووتارکی مێژوونووسی یۆنانی لەم بارەیەوە پێی وایە: "چەتە دەریاییەکانی دانیشتووی کێوی ئۆڵەمپ، بەرزترین کێوی یۆنان، کە نزیکە لە دەریای ئیجە، گاڵتەیان بە خواوەندی ئۆڵەمپی دەهات، چونکە ئەوان باوەڕیان بە خواوەندی رۆژهەڵاتییەکان بوو. کەسانی خاوەن پۆست و پلەیش لەدەوری ئەم چەتانە کۆ بوونەوە و پێکەوە کەوتنە پەسن و رێزگرتنی میترا، بەڵام کاتێک ئەم چەتانە لە جەنگ لەگەڵ ئیمپراتۆری رۆما شکستیان خوارد، ئیمپراتۆر کۆی کردنەوە و دووری خستنەوە بۆ ئیتالیا و بەو جۆرە ئایینی میتراییشیان لەگەڵ خۆیان بۆ ئیتالیا گواستەوە".

بەڵگەی دیکە لەبارەی میترا هەن، کە مێژووی بۆ سەدەیەک بەرلە زایین دەگەڕێتەوە، کە باس لە کرنۆش و باوەڕ بە میترا دەکات. کێلی گۆڕێک لە نەمروودداغ لە نزیک زنجیرەکێوی تورووس لە تورکیا دۆزراوەتەوە، کە پێشکەشی ئانتیوخووسی یەکەم کراوە. کێلێکی دیکە لە ئارسامە لە پاڵ رووباری ئۆرێنت دۆزراوەتەوە، کە پێشکەشی میهرداد (میتریدات)ی باوکی ئانتیوخووس کراوە.

ئەم دوو پاشایە بۆ رێزگرتن لە میترا، کە لەلایەن باوکیانەوە رێزیان لێ گیراوە، پەیکەری جوان و مەزنیان بۆ دروست کردوون. پەیکەرەکان لە چەشنی خواوەندگەلێکن، کە لەسەر تەختی گەورە دانیشتوون و لە نێوانیاندا ئانتیوخووسی ئیمپراتۆر لە بێچمی نەمروود دانیشتووە. لەسەر پەیکەرەکان ناوی میترا بەناوی زیئوس- ئاهوورا- مەزدا، هێرمس هاتووە، واتە ئەم دوو پادشایە یەزدانی کوردستانی کەونارایان وەکوو یەزدانی باوانی خۆیان خۆش ویستووە و باوەڕیان پێی بووە.

زیاتر لەوەش، بەردەنووسێک هەیە، کە تێیدا میتریدات و کوڕەکەی دەستیان لەناو دەستی میترایە و بەم جۆرە میترا یەزدانی خۆشەویستی و میهری کوردستانی کەونارا گەیشتە یۆنان و رۆما و ئەورووپییەکان بوونە پەیڕەوکاری و دەیان پەرستگە و پەیکەریان بۆ دروست کرد، کە دواتر باسی لێوە دەکەین.