(چیرۆکە نەنووسراوەکانی قاڕنێ) چاپ و بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

 (چیرۆکە نەنووسراوەکانی قاڕنێ) چاپ و بڵاو کرایەوە

(چیرۆکە نەنووسراوەکانی قاڕنێ) کۆمەڵە چیرۆکێکی نوێی، چیرۆکنووس (خەبات ڕەسووڵی)یە و ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە ٢٧ چیرۆک پێکهاتووە و لە دووتوێی ١٤٢ لاپەڕە و لەلایەن وەشنگەی کتێبی ئەرزان لە سوید چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

 تێمی سەرەکیی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە نوێیە ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە و نووسەر هەوڵی داوە دەرکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بە ڕووی خوێنەرەکانیدا بکاتەوە. ناوی کتێبەکە لە ناوی یەکێک لە چیرۆکەکان وەرگیراوە. قاڕنێ سەر بە شاری نەغەدەیە و یەکێک لەو سەدان گوندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ کراون.

 یەکەم چیرۆکی کتێبەکە بەناوی نامە باس لە دوو منداڵ دەکات کە لەناو پاسێکدا کوردێکی نیشتمانفرۆش بە چەک و ڕەختەوە دەبینن و بە هەڵە وادەزانن پێشمەرگەیە و گیانی لە مەترسیدایە و سەربازەکانی ئێران بیبینن دەیکوژن. جاشەکە بەهۆی نیگەرانی و بەهەڵە تێگەیشتنی ئەم دوو منداڵە تووشی قەیرانێکی رۆحی دەبێ و شەرم لە بوونی خۆی دەکات و ...تاد.

 چیرۆکی دووەمی ئەم کتێبە لە زمانی کچیکی مردووەوە دەگێڕدرێتەوە، کچێک کە لەناو زگی دایکیدا بەهۆی شەقی باوکە موعتادەکەی دەمرێ و...تاد.

 چیرۆکی سێیەم باسی ژنێکی چالاکی سیاسییە کە لە ئێران گیراوە و پاش ئازادبوونی توانیویەتی هەڵێت و خۆی بگەیەنێتە نۆروێژ و لە ئۆسلۆ بە خۆشەویستەکەی بگاتەوە. بەڵام لە ئۆسلۆ تووشی هەڵسوکەوتی ساردوسڕی خۆشەیستەکەی دەبێ و تێدەگات کە خوشەویستیەکەیان کۆتایی پێ هاتووە. بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەم ٢٧ چیرۆکە، بیست و حەوت چرکەی بە چیرۆک کراو و بیست و حەوت تابلۆی بچووکی کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتین.

چیرۆکەکەکانی خەبات زیاتر دەچنە خانەی ئەدبی بەرگری و نووسەر بە زمانێکی سادە و بێ گرێ ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و بەتایبەت ناو جەرگەی کۆمەڵگە و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دووتوێی چیرۆکدا دەگێڕێتەوە.

ئەم کتێبە بە پشتیوانی پێنی نۆروێژ و کتێبخانەی شاری ئاسکەر چاپ کراوە و مراد بەهرامیان دیزاینی بەرگ و ناوەوەی کتێبەکەی کردووە و چاپخانەی کتێبی ئەرزان لە وڵاتی سوید ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەکەی وەئەستۆ گرتووە.

خەبات ڕەسووڵی لەدایکبووی ١٩٨٠ی شاری بۆکانە و پێشتر کۆمەڵە چیرۆکەکانی ساڵە شەرابییەکان (2006)، واران (2014)و چەمەدانی بەتاڵ (2018) چاپ و بڵاو کردووەتەوە و بەشێک لەم چیرۆکانە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی نۆروێژی و لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەک کتێبێکی سەربەخۆ بە دەستی خوێنەرانی نۆروێژی بگات.

هاوکات لە بواری وەرگێڕانیشدا نۆڤلێتی (گاوخونی) لە نووسینی جەعفەر مودەڕێس سادقی نووسەری ئێرانیی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ساڵی 2008 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی لە هەولێر چاپی کردووە.