فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر مێژووی سینەما لە كوردستان بەرهەم دەهێندرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر مێژووی سینەما لە كوردستان بەرهەم دەهێندرێت

فیلیمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر مێژووی سینەما لە باشووری كوردستان بەرهەم دەهێندرێت و دەرهێنەری فیلمەكەش ڕای گەیاند كارەكەیان كارێكی گەورەیە بۆ یاداشتكردن و نمایشكردنی مێژووی فیلمی سینەمایی كوردستانە.

ئەمڕۆ دووشەممە 26/4/2021، سەڵاحە ڕەش، دەرهێنەری فیلمە دیكۆمێنتارییەكە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا كار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر مێژووی سینەمای كوردستان دەكەم و سەرەتاش لە شاری هەڵەبجەوە دەستم پێكردووە، هەروەها لە شاری خانەقینیش بە هەمان شێوە دەستمان بە تۆماركردنی هەمان وێنەی هەمان دیكۆمێنتاری لەسەر مێژووی سینەمای كوردستان كردووە، پاشان لە كفری و ئینجا كەركووك و هەولێر و سلێمانی، شێوازی دیكۆمێنتارییەكە وایە هەر شارێكی كوردستان سینەمای تێدا بێت، ئێمە كاری تێدا دەكەین، چونكە ئەو شارانەی كە باسم كرد مێژوویەكی دیاریان لە بواری نمایشكردنی فیلمی سینەماییدا هەیە".

ئەو دەرهێنەرە کوردە گوتیشی: "ئەو كارەی كە دەیكەم لەسەر ئەركی خۆمە و مەبەستمە ئەو مێژووەی سینەمای كوردستان بپارێزرێت".

سەلاحە ڕەش روونیشی كردەوە: "ئەو فیلمەش كە بەهەم دەهێندرێت بەش بەش دەبێت، بۆ نموونە بەشی یەكەم ناوی هەڵەبجەی لەسەر دادەنێین دووەم ناوی دەنێینە خانەقین، ئیتر بەم چەشنە ناوی شارەكانی تری باشووری كوردستان لەسەر بەشەکانی دیکە دادەنرێت و ئەمەش پرۆژەیەكی گەورەیە بۆ یاداشت و تۆمار و نمایشكردنی سینەمای شارەكانی كوردستانە".