نرخی مریشکی زیندوو هەرزان بوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نرخی مریشکی زیندوو هەرزان بوو

 

به‌ڕێوه‌به‌رى سامانى ئاژه‌ڵ ڕایدەگەیەنێت ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 2 هەزار و 500 دینارە و هەرزانتریش دەبێت.

فیراس سەدیق، به‌ڕێوه‌به‌رى سامانى ئاژه‌ڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پێشبینیمان کردبوو نرخی مریشک دابەزێت، ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک لە کێڵگەکان بە 2 هەزار و 300 دیناره و لە بازاڕیش بە 2 هەزار و 500 دینارە، هۆکاری هەرزانبوونەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خاوەنی پەلەوەرخانەکان دەستیان بە دانانەوەی مریشکێکی زۆر کرد و ئێستا مریشکێکی زۆر هەیە، بە ملیۆنان مریشک ئامادەیە ".

لە مانگی ڕابردوو تاوەکوو سەرەتای ئەو مانگەش نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتە 4 هەزار دینار دواتر دابەزی بۆ 3 هەزار و 500 دینار، ئەمڕۆش بە 2 هەزار و 500 دینارە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێیوایە چاوەڕوان دەکرێ نرخەکە هەرزانتریش بێت، گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی مریشکی بچووک 2 بۆ 3 کیلۆیی دەڕوات بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام چونکە مریشکێکی زۆر کەوتۆتە بازاڕ بۆیه نرخەکەی دابەزیوە".

زیاتر گوتیشی: "پێشتر مریشک زۆر دەخرایە بازاڕەوە ئەوەیش وایکرد نرخەکەی دابەزێت، دیسانەوە لە ترسی زیان، زۆربەی خاوەنی پەلەوەرخانەکان مریشکیان لە کێڵگەکانیاندا دانەناوە، ئەمەش وایکرد مریشک لە بازاڕدا کەمببێتەوە و نرخ بەرزبێتەوە، ئەمجارە پێچەوانە بۆتەوە".

هەروەها فیراس سەدیق راشیگەیاند: "ئەو نرخەی پێشتر نرخی راستەقینەی مریشک نەبوو و زیاد بوو، تێچووی کیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەنی پەلەوەرخانەکان 2 هەزار و 150 دینار دەکەوێت، ئەگەر بە 2 هەزاریش بدەن زیان ناکەن، بەڵام کەمتر لەوەبێت زیانیان پێدەکەوێت".

ئاماژەشی بەوەدا، کە پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان لە توانایاندایە ساڵانە 170 هەزار تەن مریشک بەرهەم بهێنن، ئەو بڕەیش زیاترە لە پێویستیی ناوخۆ، چونکە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 147 هەزار تەن مریشکە.

له‌ هه‌رێمی كورستان هەزار و 662 پەلەوەرخانەی مۆڵه‌تدار و 500 په‌له‌وەرخانەی بێ مۆڵه‌ت هەن.