كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
کارزان گلی 25/04/2021

كەی هەدەپە كەلێنێك لەنێوان خۆی و پەكەكە دادەنێت؟

گەورەترین پارت لە باكووری كوردستان هەدەپەیە، بەشێكی دیار و بەرچاوی بەرپرسانی ئەو پارتە هاوئایدۆلۆژیا و هاوفكری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ن، ئەمە راستییەكە و نكووڵیی لێ ناكرێت. بەڵام ئەمە بووەتە هۆكاری زیانێكی زۆر بۆ هەدەپە، چونكە بەو هۆیەوە هەمیشە كەوتووەتە بەر شاڵاوی كۆتوبەند و زیندان و فشاری حكوومەتی توركیا.

پێبشبینیكردنی ئەوەی هەدەپە بەتەواوی لە پەكەكە دوور بكەوێتەوە، یاخود هیچ ئەندامێكی سەركردایەتیی هەدەپە هاوئایدۆلۆژیای پەكەكە نەبێت، تا رادەیەك خۆشخەیاڵیە، ئەگەرچی مەحاڵیش نیە. بەڵام هاوكات بێئەزموونی و نەزانینە لە سیاسەتیش، ئەگەر پەكەكە لەڕێی ئەو هەژموونەیەوە بەردەوام فشاری ئەوە بكات كە هەموو ئەوانەی لە جومگە سەرەكییەكانی هەدەپەن سەر بە پەكەكە بن، چونكە ئەمە دەستی حكوومەتی توركیا زیاتر واڵا دەكات بۆ قەیووم و زیندانیكردنیان.

یەكێك لەو رەخنانەی بەردەوام لە هەدەپە گیراوە و دەگیرێت ئەوەیە، كاتێك كەسێك كاندید دەكات بۆ ئەندام پەرلەمان، یان سەرۆك شارەوانی، بەشێكی زۆریان پێشتر پەكەكە بوونە، یان لە قەندیل بوونە و گەڕاونەتەوە بۆ باكوور، یاخود ئایدۆلۆژیایەكی تەواو پەكەكەییان هەیە، ئەمەش هەڵەیەكە پێویست دەكات راست بكرێتەوە.

تۆ وەكوو هەدەپە كاتێك ئەندام پەرلەمانێكی سەر بە پەكەكە دەخەیتە ناو پەرلەمانی توركیاوە، بەو واتایە دێت، كە ئاسانكاری بكەیت بۆ قەیووم و زیندانیكردن و لێخستنی. پێشتر بینیمان دەیان سەرۆك شارەوانیی سەر بە هەدەپە لە باكووری كوردستان قەیووم كران، چەندین ئەندام پەرلەمانیان دەستگیر كرا، هۆكارەكەشی روونە، ئەو كەسانە بەشێكی زۆریان تۆمەتی پەكەكەبوونیان دراوەتە پاڵ.

با نموونەی لەیلا گوڤەن ئەندام پەرلەمانی هەدەپە بهێنینەوە، ئەو ئافرەتە بۆ ماوەی ١٩٩ رۆژ لە زیندان مانی لە خواردن گرت، هۆكارەكەشی گۆشەگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بوو. گوتی تا گۆشەگیریی لەسەر هەڵنەگیرێت مانگرتن ناشكێنم، بینیمان ٤٠ كیلۆ لە كێشی هاتبووە خوارەوە و تەندروستییشی زۆر خراپ بوو.

باشە تۆ لەبەر ئۆجەلان مان لە خواردن بگریت، ئیدی هیچ پاساوێك دەمێنێتەوە بڵێیت من پەكەكە نیم و ئایدۆلۆژیای پەكەكەم نییە؟ ئەمە وا دەكات حكوومەتی توركیا دەستگیرت بكات و بڵێت پاڵپشتی لە تیرۆر دەكەیت.
كوردانێك با هەر بڵێن پەكەكە تیرۆریست نییە، ئەم قسەیە لەنێو فایلەكانی دادگادا ناخوات، چونكە پەرلەمانی توركیا وەكوو پارتێكی تیرۆریست ناساندوویەتی، تەنانەت یەكێتیی ئەورووپا و ئەمریكاش پەكەكەیان وەكوو تیرۆریست ناساندووە، ئیتر بۆچی تۆ پاس دەدەیتە توركیا تا گۆڵت لێ بكات؟

هەدەپە چی بكات؟
ئەوەی لەسەر هەدەپە پێویستە و گرنگە هەنگاوی بۆ بنێت، پێویستە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەموو ئەو كەسانەی كە كاندیدیان دەكات بۆ سەرۆكی شارەوانی و ئەندام پەرلەمانی توركیا، سەر بە فكری پەكەكە نەبن، پێویستە پێشتر هیچ پەیوەندییەكیان بە پەكەكەوە نەبووبێت، ئەگەر ئەوە بكات ئیدی لەناو پەرلەمانی توركیا وەكوو هێزێكی گەورە دەمێننەوە و شارەوانیی باكووریش لەبری قەیووم هەر لە دەستی خۆیاندا دەمێنێتەوە.

راستە بەشێك لە سەرۆك شارەوانییەكانی باكوور پەیوەندییان بە پەكەكەوە نییە و قەیووم كراون، بەڵام ژمارەیان كەم و ئەوانیش بە ئاگری ئەوانی تر سووتاون.
دەكرێت لە سەركردایەتیی هەدەپە، بەشێكیان پەكەكەیی بن، بەڵام با ئەو كەسانە نەچنە پەرلەمان و نەبنە سەرۆك شارەوانی، ئاخر بینیمان چۆن حكوومەت دووری خستنەوە و خستینیە زیندانەوە.
ئایا هیچ دادگایەكی توركیا دەتوانێت (مەدحەت سینجار) هاوسەرۆكی هەدەپە بخاتە زیندانەوە و بڵێت سەر بە پەكەكەیە؟ نەخێر، چونكە سینجار پەكەكە نەبووە، بەڵام رەنگە بە شێوەیەكی زیرەكانە پەیوندیی لەگەڵیاندا هەبێت بۆ بەهێزكردنی هەدەپە.

زۆرن ئەو كەسانەی پەكەكە نەبوون و تەنیا لەبەر كوردبوونیان زیندانی و سووكایەتیان پێ كراوە، ئەمە بابەتێكە دەیان نووسین و لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوە، بەڵام ئەوەی باسی ئێمەیە هەدەپەیە، گرنگە هەدەپەییەكان نەخرێنە زیندانەوە، چونكە بوونی هەدەپە لە چوارچێوەی خەباتێكی مەدەنیانەی بێ چەك، وەكوو هێزێكی گەورە لە پەرلەمانی توركیا و باكووری كوردستان بۆ كورد گرنگە و بۆ هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی مافی كورد زەروورەتە.

دەكرێت لەو ڕووەوە قسە لەگەڵ پەكەكەش بكرێت، كە پاڵپشت بێت بۆ ئەوەی كاندیدی خۆی بەسەر هەدەپە فەرز نەكات لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە بینیمان لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، پەكەكە بە ئاشكرا كاندیدی خۆی بەسەر هەدەپەدا فەرز كرد، ئەنجام توركیا دەرگای زیندانی بۆ كردنەوە.