كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەهۆی ئیدانەکردنی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان فشارێكی زۆر دەخرێتە سەر هەدەپە

بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) جیا لە هەموو پارتەكانی تری توركیا، كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكانی بە جینۆساید ناساند و ئیدانەی کردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، لە لایەن پارتەكانی دیکەی توركیاوە فشاری زۆری بخرێتە سەر و بە خائین ناوی ببەن.

لە ١٠٦مین ساڵوەگەڕی كۆمەڵكووژی ئەرمەنییەكان لەسەر دەستی عوسمانییەكان لە ساڵی ١٩١٥، HDP لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەو كۆمەڵكوژییەی كرد، هەروەها داوای لە حكوومەتی توركیا كرد، بە شەرمەزارییەوە ئەو كۆمەڵكووژییە بناسێنێت.

ئەم بەیاننامەیەی HDP بووە هۆی ئەوەی چەند پارتێكی سیاسی لە توركیا فشاری زۆر بخەنە سەر HDP و بە خائین ناوی ببەن.

عومەر چەلیك گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بە توندی دژی ئەو لێدوانەی HDP وەستایەوە و گوتی رۆژێك دێت باجی ئەو گوتەیەتان دەدەن.

لە لایەكی ترەوە، چەند ماڵپەڕێكی سەر بە پارتی دەسەڵات، HDPیان وەكوو پارتێكی خیانەتكار ناوەزەند كردووە و داوا دەكەن لەسەر ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان HDP سزا بدرێت.

لە سۆسیال میدیای تورکیاش بە هەمان شێوە، فشارێكی زۆر خراوەتە سەر HDP و داوا دەكەن دابخرێت و سەركردەكانیشی سزا بدرێن.

لە ساڵی ١٩١٥وە هەتا ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتی عوسمانی دەستی دایە کوشتار و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی ئەو وڵاتە و بەپێی زانیاریی هەندێ سەرچاوە لەو کۆمەڵکوژییەدا ژمارەی قوربانییەکان لە نێوان ٦٠٠ هەزار (بەپێی ئاماری فەرمیی تورکیا) هەتا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس خەمڵێندراوە.