کتێبێکی نوێی نوری بێخاڵی بڵاو دەکرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کتێبێکی نوێی نوری بێخاڵی بڵاو دەکرێتەوە

 

نوێترن بەرهەمی نووسەر و رۆژنامەوان، نوری بێخاڵی بە ناوی (بە هەردوو دیوی بۆسفۆردا) دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

ئەم کتێبە کە لە پێشەکیێک (بە قەڵەمی بەڕێوەبەری دەزگای چاپ) و دوو بەش پێکهاتووە (ئەزموونی ژیان لە ئیستانبووڵ و گەشتی وڵاتان)، بریتییە لە گێڕانەوەی سەربووردەی ژیانی گەشت و گەڕان و مانەوەی نووسەر لە ژمارەیەک وڵاتی دونیادا، کە تیایدا تیشک دەخاتە سەر لایەنە کولتووری و مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو شوێنانە.

ئەزموونی ساڵ و شتێک مانەوە لە تورکیا، بەشە هەرە گرنگەکەی کتێبەکەیە، کە بەهۆی تێکەڵبوون و بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی نووسەر لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا، جگە لە خستنەڕووی کونجە پەنهانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، غەریبزەدەیی کورد و بوونی بە ئاردی ناو دڕکی شارەکانی تورکیا و دوا نەوەی ئاخێوەری زمانی کوردی، ڕووداوگەلی سیاسیی گرنگیش کە لەو ماوەیەدا لەو وڵاتەدا ڕوویان داوە (ڕیفراندۆم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ڕێپێوانی دادپەروەری، گرتنی پەرلەمانتارانی تورک) دیوێکی دیکەی گێڕانەوەکانن بە زمانێکی ئەدەبیی خەیاڵ ئامێزی نزیک لە (ڕۆمان). دواجار هەموو ئەو ڕووداوانە (تەنانەت بە دیاردە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانیش) بە سەرەداوێک بە ئێرەی نیشتمان گرێ دراونەتەوە کە لە بیرەوەریی نووسەردا زیندوو بوون.

خاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم کتێبی یادەوەریی و گەشتنامەیە ئەوەیە، کە جگە لە زمان و فەزا ئەدەبییەکەی، لە گێڕانەوەدا سوود لە تەکنیکی فلاش باک وەرگیراوە، ئەویش بە تێکهەڵکێشکردنی ڕووداوەکانی ئەوێ و ئێرە، هاوکات قۆستنەوەی وردترین شت و ڕووداو بۆ کردنە بیانووی خودنووسینەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی وێستگەکانی تەمەن و ئەزموونی ژیانی نووسەر.

کتێبەکە دوای جەژنی ڕەمەزان دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.