كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لەم شوێنەوە دەتوانی سێ پارچەی کوردستان ببینیت

گۆلی داڵامپەڕ و تاڤگەی سولەدووکەڵ لە پارێزگای ورمێ، کەوتوونەتە سێکوچکەیەک، کە بە سێکوچکەی ئێران، عێراق و تورکیا ناسراوە و ئەو سێکوچکەیە بەهەشتێکە، کە رۆژهەڵات و باکوور و باشووری کوردستان پێکەوە گرێ دەدا.

گۆلی داڵامپەڕ کەوتووەتە سەر چیای داڵامپەڕ، کە 3500 مەتر بەرزە و لەسەر ئەو چیایە، هاوکات دەتوانی سەیری سێ پارچەی کوردستان بکەی. گۆلی داڵامپەڕ، کە بە گۆلی مامەشێخ ناسراوە، کەوتووەتە پاڵ دوو گۆلی دیکە بە ناوەکانی بنچۆڵ و دیمە.

گۆلی مامەشێخ، یان داڵامپەڕ، 2720 مەتر لە ئاستی زەریا بەرزترە و وەک بازنە خڕە و درێژییەکەی 450 مەترە، کەوتووەتە نێوان هەردوو شاری ورمێ و شنۆ. دەوروبەری گۆلی مامەشێخ بە شاخ و داخ دەورە دراوە و بەهەشتێکە لەسەر سنووری سێ پارچەی کوردستان.

بەفراوی سەر ئەو شاخانە، دەیان جۆگەلە و رووبار دەخولقێنن، کە مرۆڤ لە سەیرکردنیان تێر نابێ. بەفراوی چیای خواکوڕک لە باشووری کوردستان، تێکەڵی بەفراوی شاخی داڵامپەڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ و تاڤگەی (سولە دووکەڵ) دەخولقێنن، کە بەهەشتێکە لەسەر سنووری باکوور و رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

بەفراوی سەر ئەم شاخانە، تینوویەتیی سێ پارچەی کوردستان دەشکێنن و سەر سنوور دەکەنە پارچەیەک لە جوانی. لەسەر سنوور، شاخ و ئاو بێ یەک نابن؛ شاخ دەبێتە سۆلاڤ و هاژەی تا کوێ بڕ بکات، وڵاتێک لە ئاوەدانی و باخە سێو و ترێ دەخولقێنێ.