تاقوەسان شوێنەوارێک لە جیهانی بوونەوە بەرەو تێکچوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تاقوەسان شوێنەوارێک لە جیهانی بوونەوە بەرەو تێکچوون

ماوەی چەند ساڵێکە ڕێکخراوی شوێنەوار و کەلەپووری ئیران لە هەوڵی تۆمارکردنی چەندین شوێنەوارێکی ئەم وڵاتەیە بۆ ناو لیستی کەلەپووری جیهانی، یەکێک لەو شوێنەوارانەی کە حکوومەتی ئێران پلانی بۆ داڕشتووە شوێنەواری دیرینی "تاقوەسان"ە کە دەکەوێتە پارێزگای کرمانشانی رۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام بەپێی دوا پلان و بەرنامەکانی ئەم ڕێکخراوە، پڕۆژەی دروستکردنی هۆتێلێکی چوار نهۆمی هەروەها دروستکردنی تەلەفریکێک کە لە سنووری دیاریکراوی ئەم شوێنەوارە جێبەجێ دەکرێت و کە ئەمەش پێچەوانەی یاسا و مەرجەکانی رێکخراوی کەلەپووری جیهانییە، بۆیە تۆمارکردنی دوا کەوتووە.

بەپێی ڕاگەندراوێکی ڕێکخراوی شوێنەوار و کەلەپووری ئیران هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی ئەم شوێنەوارە لە لیستی کەلەپووری جیهانی بەردەوامە و دەشڵێن (تا ئێستا هەوڵ داروە زۆربەی مەرجەکانی رێکخراوی کەلەپووری جیهانی (یۆنسکۆ) کە بۆ ئەم شوێنەوارە دانراوە، جێبەجێ بکرێت و دروستکردنی تەلەفریک و هۆتێل هیچ زیانێک بە سیمای مێژوویی ئەم ناوچەیە ناگەیەنێت). بەڵام زۆربەی پسپۆڕانی بواری شوێنەوار و مێژووی ئێران نیگەرانیی خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە نیشان داوە و لە هەوڵی رەتکردن و بە ئەنجامنەگەیاندنی ئەم پرۆژەیەن. تەنانەت هاووڵاتییانی شاری کرمانشان بە نووسین و واژۆکردنی نووسراوێک بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کرماشان داوایان کردووە ئەم کارە راوەستێنن و چیتر زیان بە شوێنەوار و کەلەپووری ئەم شارە نەگەیەنن.

بەپێی یاساکانی رێکخراوی جیهانیی یونسکۆ بۆ زیاتر پاراستنی شوێن و ناوچە شوێنەوار و کەلەپوورییەکان نابێت هیچ بینا، یان پرۆژەیەکی نوێی ئاوەدانکردن لە سنوورە دیاریکراوەکانی شوێنە شوێنەوارییە دیارەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام پێدەچێ بەرپرسانی کەلوپووری و مێژووی ئێران لەپێناو ئەنجامدانی پرۆژەکانی کەرتی تایبەت، ئەم یاسایانەیان پشتگوێ خستبێت هەتا ئەو رادەیە کە دۆسیەی تایبەت بە تاقوەسان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی یونسکۆ ئامادە و رەوانە نەکرابێت.

تاقوەسان یان (تاق بۆستان) بە واتای تاقی بەردین دێت، لە شوێنەوارە هەرە گرنگەکانی سنووری کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک نەخشەبەرد و بەردنووس کە ڕێکخراوی شوێنەوار و کەلەپووری ئیران لە هەوڵی تۆمارکردنیەتی لەناو لیستەی کەلەپووری جیهانی.

 

شوێنی جۆگرافیی تاقوەسان:

تاقوەسان دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان. لەڕووی ئێستراتیجییەوە لە نزیک رێگای ئەورێشەم دروست کراوە کە سەرەتا وەک شوێنی ئیسراحەت و حەوانەوەی ئەو کاروانانە بەکار هاتووە کە لەوێوە تێپەڕ دەبوون.

مێژووی ئەم شوێنەوارە بۆ سەدەی سێیەمی زایینی، واتە سەردەمی دەسەڵاتداریی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە و بە شێوازێکی گشتی لە سێ بەشی نەخشی هەڵکۆڵدراوە لەسەر بەرد پێکهاتووە کە بریتین لە:

نەخشەبەردی یەکەم کە بە نەخشە بەردی ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنانی نۆیەمین پاشای ساسانی، (ئەردەشێری دووەم) بەناوبانگە و دەکەوێتە بەشی راستی شوێنەوارەکە، کە  هەیوانێکی بچووکی لاکیشەییە و نەخشی پەیمانێکی ئایینییە و پێکهاتووە لە وێنەی پاشای ساسانی کە لە ناوەندی نەخشە بەردەکە و لەسەر پەیکەری ژولیان ئیمپراتۆری رۆم راوەستاوە و دەستی چەپی لەسەر شمشێرەکەی داناوە و بە دەستی راستی ئەلقەی دەسەڵاتداری کە بە پارچە قۆماشێک رازینراوەتەوە لە ئەهورامەزدا وەردەگرێت، لە پشتی سەری پاشا خواوەندی میتراوە راوەستاوە.

تاقی گەورە:

لە گرنگترین بەشەکانی تاقوەسان، تاقی گەورە، یان نەخشەبەردی تاجدانانی پاشای ساسانی خەسرەو پەرویزە. ئەم بەشە لە شوێنەوارەکە بە رووبەری، پانتایی  حەوت مەتر و ٨٥ سانتی مەتر و بەرزی و ١١ مەتر و ٩٠ سانتیمەتر و قووڵایی  حەوت مەتر و ٦٥ سانتی مەتر دروست کراوە. لەم نەخشەش پاشا خوسرەو پەرویز لە نێوان ئەهوورامەزدا و میترادا ڕاوەستاوە و ئەڵقەی پاشایەتی لە لایەن ئەهوورامەزداوە پیشکەشی دەکرێ. لە بەشی خوارەوەی ئەم نەخشەبەردە نەخشی پیاوێک لەسەر ئەسپەکەی هەڵکۆڵدراوە کە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، وێنەی پاشای ساسانی خوسرەو پەرویزە. هەر دوو بەشی راست و چەپی ئەم نەخشە گەورەیە بە وێنەی راوکردن نەخشێندراوە.

تاقی بچووک: ئەم نەخشەبەردە لە نێوان هەر دوو نەخشەبەردی یەکەم و دووەم لە رووبەرێکی لاکێشەیی بە پانتایی پێنج مەتر و ٨٥ سانتیمەتر و بەرزی پێنج مەتر و ٣٠ سانتیمەتر درووست کراوە. لەم بەشەی تاقوەساندا وێنەی بەخشینی تاجی پاشایەتی بە شاپووری دووەم و سێیەم نەخشێندراوە. بێجگە لەم نەخشە لەم بەشەدا دوو بەردەنووس هەیە کە بە خەتی پەهلەوی نووسراون.

ئاستی پاراستن: بە تێپەڕینی کات و هاتنە سەر دەسەڵاتی فەرمانڕەوا جیاوازەکان لە دەسەڵاتدارییەکانی مێژووی ئێران، هەوڵدراوە چەندین نەخش و نووسراو یان بینا بەم شوێنەوارە زیاد بکرێت وەک نەخشێک کە لە سەردەمی قاجاڕ بەم شوێنەوارە زیاد کراوە و پیکهاتووە لە نەخشەبەردێکی پاشا محەمەدعەلی دەوڵەتشا کوڕی فەتحعەلی شای قاجاڕ. هەڵبەت ئەم نەخشە دوورە لە هونەری نەخشی سەر بەرد، بە تایبەت ئەوەی کە نەخشەکان هەر یەکەوە بە رەنگێکی بۆ کراوە بووەتە هۆی زیاتر تێکدانی ئەم شوێنەوارە. هەروەها هەر لەم سەردەمەدا چەندین بینا و باڵاخانە لە بەشی دەرەوەی تاقوەسان زیاد کراوە کە بوونەتە هۆی تێکدانی سیمای سەرەکی و سەرەتایی شوێنەوارەکە.

جگە لە هۆکارە تێکدەرە مرۆییەکان، رووداوە سرووشتییەکان وەک بوومەلەرزە زەرەری زۆریان بەم شوێنەوارە گەیاندووە.