كوردستان و كورد لە مێژوودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 24/04/2021

كوردستان و كورد لە مێژوودا

16

 

دانیشتوانی كوردستان لە قۆناغی مێژووی كۆندا

وەك چۆن دەركەوتن و نیشتەجێبوونى یەكەم مرۆڤ لەسەر خاكی كوردستان، بەناديارى ماوەتەوە، بەهەمان شێوە دیاریكردنى مێژوو و ڕەوتی گەشەكردنى دانیشتوانی كوردستان لە قۆناغی مێژووى كۆندا، چەندین بۆچوونی جیاجیای لەسەرە. بەهۆی ئەوەیش زۆرینەی ساغكردنەوە زانیارییە شوێنەوارییەكان و تۆمارە مێژووییەكان لەلایەن كەسان و كۆمەڵانێكەوە كراون و نووسراون، كە كورد نەبوون، بۆيە زۆر ئەستەم بووە لەنێو هەزاران دەقی جیاوازدا، كۆنترین مێژوو بۆ دانیشتوانی كوردستان بدۆزینەوە، تەنانەت زیادبوونی ژمارەیان و پێكهاتەیان و ڕەوتی گەشەكردنیان بزانین.

هۆیەكەش ئەوە بووە، هەموو ئەوانەى مێژووی كۆنى كورد و شوێنەوارەكانی كوردستانيان ساغ كردووەتەوە، لە دیدگا و تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆیانەوە بۆ شوێنەوار و مێژووى كوردستان و دانیشتوانەكەی و پێكهاتەكانیان ڕوانیوە، تا بە دەساوەردە شارستانییەكانی دەگات. لەلایەكی دیكەوە، جیاوازیی زمان و دەربڕین و شێوەی نووسینی هەر نەتەوە و پێكهاتە و دەوڵەتێك لە كۆن و نوێدا وای كردووە، چەندین ناو و زاراوە نەك بۆ دانیشتوانەكانی، بەڵكوو بۆ وشەى (كورد) و مێژووەكەى دەساوەردە شارستانییەكانی دروست ببێت.

دواجار ئەوانەش مێژووییەكیان بۆ كورد و كوردستان نووسيوە، يان دروست كردووە، جۆرێك لە تێكەڵى و چەواشەكردن و ناپاكی و تەنانەت زێدەڕۆییشيان تێ ئاخنيوە. لەوانەش مەرگەساتتر، بێخەمیی تاك و خێزان و پێكهاتەكانی كۆنی كوردستان بووە، بەرامبەر مێژووەكەیان و سەردەمەكەیان و تێڕوانین بۆ دۆست و نەیارانیان. بە ئاستێك، كەمترین دەقی تۆماركراو لەلایەن خودی دانیشتوانی ڕەسەنی كوردستانەوە نووسراوە، كە باسی لە مێژووى ژیانى گوند و شارۆچكە و شار و سروشت و ئایینى كردبێت. هەر بۆیە، بێ گەڕانەوە بۆ تۆماری نەتەوە و گەلان و پێكهاتەكانی دەرەوەی كورد، ئەستەمە بە مێژووییەكی ورد بە كوردستان و كورد بگەین.

لەم پێودانگەوە و دواى گەڕان و پشكنین و وردبوونەوە لە سەرچاوەكان و تاوتوێكردنیان بەیەكەوە، لەپاڵ رای پسپۆڕانی مێژووى كۆنی كورد، گەیشتینە ئەوەی، كە ڕیزبەندی مێژووی كۆمەڵێك پێكهاتەی كوردستان بكەین. ئەوەش لە سەردەمانێكی دێرینەوە، تا ئەو كاتەی وەك كورد ناويان چووەتە ناو تۆمارەكانى مێژووەوە.

لەم بوارەشدا بۆ زۆر كۆن نەگەڕاوینەتەوە، واتە پێویست نەبووە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی چاخە بەردینەكانی كۆن و نوێ و ناوەڕاست و تەنانەت چاخی كانزایی، كە ئەوەش خۆی لە خۆیدا مێژووییەكی دوور و درێژ و پڕ دەستكەوت بووە. ئەوەش لەبەر ئەوەنا، كە ئەو قۆناغە نەزانراو و بێبایەخ بووە، بەڵكوو بەهۆی ئەوەی، هیچ یەك لەو كۆمەڵانەی دانیشتوانی كوردستان لەو قۆناغەدا، ناوێك و ناسنامەیەكی دیاریكراویان نەبووە، تەنیا ئەوەندە بووە، وەك مرۆڤى سەرەتایی ژیاون و كاریان كردووە.

بەپێچەوانەوە، دواى ئەوەی مرۆڤ ئەو قۆناغانەی تێپەڕاندووە و لە ئەشكەوتەوە بۆ گوند و لە گوندە بۆ شارۆچكە و شار هەنگاوی ناوە، دواتر لە یەكەمین وێستگەیدا شارى لەسەر تەپۆڵكە و گرد و چیاكان لە شێوەی قەڵا دروست كردووە، وەك لە باسەكانی پێشوودا تیشكمان خستە سەر. دواتر ناو بۆ دانیشتوانی ئەو شار و قەڵایانە دانراوە و وەك پێكهاتەیەكى سەربەخۆ ناويان چووەتە تۆمارەكانی مێژووەوە.

لێرەوە بەپێى ڕیزبەندی مێژوویی، ئاماژە بە دیارترین ئەو پێكهاتانە دەكەین، كە وەك دانیشتوانی كوردستان لە قۆتاغی مێژووی كۆندا ناسران. وردەكارييەكى پوختيش بؤ ناو و ژيان و سەردەمى هەريەك لەو كۆمەڵ و پێكهاتانە كراوە. دواى وردبوونەوەش لە ناو و شێوەی ژیان و ئایین و باوەڕ و دەساوەردی شارستانی و دیاریكردنى نەیار و هاوپەیمانەكانی هەريەك لەوان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، كە هەموو ئەو پێكهاتە جیاوازانە لە بنەڕەت و ڕیشەدا سەر بە یەك نەتەوە بوون، كە ئەویش (كورد)ە.

بەڵام كێشەی گەورە ئەوە بووە، كە لەو سەردەم و قۆناغەدا، كە ئەو ناوانە هەبوون و باس كراون و ناسراون، ناوی (كورد) نەبووە و دەرنەكەوتووە. دیارە ئەگەر خودی كورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە و لەو كاتەوەی بە نووسین ئاشنا بوو، سەرجەم، یان لانی كەم بەشێكی تۆمارەكانی مێژووی خۆی بنووسیایەوە، ئەوا ئێستا دەیان ناوی وەك (سوئى، لۆلۆبی، گوتی، كاشی، میتانی، خوری، نائیری، ماننایی، كاردۆخی) نەدەبوون، بەڵكوو بە هەموو ئەو ناوانە دەگوترا (كورد) و دەبوونە دانیشتوانی ڕەسەن و مێژوویی كوردستان، لە قۆتاغی مێژووی كۆندا.

بۆ ئەوەیش بە مێژووی دانیشتوانی كوردستان لە قۆناغی مێژووی كۆن ئاشنا ببین، بەپێی ڕەوتى مێژوو تیشك دەخەینە سەر دیارترین ئەو پێكهاتانەی لەسەر خاكی كوردستان ژیاون و وەك دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو خاكە باس كراون و ناسراون.