كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان: وشكەساڵی کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 755 هەزار سەر ئاژەڵ هەیە

 "160 هەزار دۆنم زەوی تووشی زیان بوون"

بەهۆی ئەوەی لە سنووری گەرمیان ئەمساڵ بە فەرمی وشکەساڵی ڕاگەیەندراوە ئاژەڵدارانی گەرمیان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە زۆرێک لە خاوەن ئاژەڵەكان بەهۆی نەبوونی لەوەڕگەوە خەریکن ئاژەڵەكانیان هەرزانفرۆش و هەڕاج بكەن، چوبکە وشکەساڵی کاریگەری لەسەر 755 هەزار ئاژەڵ لەو سنوورە هەبووە.

مەجید كەریم، نوێنەری خاوەن ئاژەڵەكانی گەرمیان كە داوای هاوكارییان لە كشتوكاڵی ناوچەكە كردووە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە ئالیك بۆ ئاژەڵەكانمان دابین بكرێت، چونكە نەبوونی ئالیك و وشكبوونی گژوگیا و نەمانی لەوەڕگە، بووەتە مەترسی بۆ سەر کەرتی ئاژەڵداری لە ناوچەكە".

گوتیشی: "هەرچی زووە بۆ پێشگیری لە هەرزانفرۆشکردنی ئاژەڵەكانمان داواكارین حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار ئاوڕمان لێ بداتەوە بۆ ئەو مەبەستەش دڵخۆشین و كە حكوومەت پلانی هاوكاریكردنی ئاژەڵداران و جووتیارانی هەیە، بەڵام داواكارین پەلە بكرێت لەو هەنگاوە".

شادی حوسەین، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان، ئەمڕۆ شەممە 24ی4ی2021، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەهۆی كەمیی رێژەی بارانبارین لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 160 هەزار دۆنم زەوی لە گەرمیان تووشی زیان بووە، سەرباری ئەوەی 611  هەزار سەر مەڕ و 136 هەزار سەر بزن و 10هەزار سەر ڕەشەوڵاخ و دوو هەزار گامێش كەمیی بارانبارین كاریگەریی راستەوخۆی لەسەریان هەبووە ."

ئەوەشی خستە ڕوو: "بۆ چارەسەركردنی گرفتی وشكەساڵی ڕاپۆرتمان ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كردووە و داوامان كردووە پێویستە بۆ گەرمیان بودجەی تایبەت تەرخان بکرێت، هەروەها بۆ وەرزی دووەمی چاندن بنەتۆ بۆ ئەو جووتیارانە دابین بكرێت كە بەهۆی وشكەساڵییەوە زەرەرمەند بوون".