كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تایمزی بەریتانی ڕیزبەندی زانكۆكانی عێراق بڵاو دەكاتەوە

٣٧ زانكۆی عێراقی خستووەتە ڕیزبەندیی زانكۆ جیهانییەكان

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا باسی لەو زانكۆیانەی وڵاتەكە كردووە كە خراونەتە ڕیزبەندیی تایمزی بەریتانییەوە بۆ ئەمساڵی ٢٠٢١، تیایدا ٣٧ زانكۆی عێراق لە ڕیزی یەك هەزار و ١١٥ زانكۆی ٩٤ وڵاتی جیهاندا هاتوون.

وەزارەتەكە بەپێی ڕیزبەندییەكەی ئەمساڵی تایمزی بەریتانی بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، ئەوەی خستووەتەڕوو كە ٣٧ زانكۆ و كۆلێژی حكوومی و ئەهلی عێراقی لە ڕیزبەندییەكەدا هەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ئاماژەی بەوە كردووە ئەم ڕیزبەندییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوەرانە داندراوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستنیشانی كردوون لە ڕووەكانی سەرپەرشتیكردن، هۆشیاری و فێركردن بە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام.

لە ڕیزبەندییەكەدا، زانكۆی بەسرا لە سەرووی زانكۆكانی عێراقەوە هاتووە و لە ڕیزبەندی ٣٠١ تا ٤٠٠ەمین زانكۆی جیهاندایە، لە دووەمی ڕیزبەندیی زانكۆكانی عێراقیشدا، زانكۆی ئەنبار هاتووە، كە لەسەر ئاستی جیهاندا لە ڕیزبەندی ٤٠١ تا ٦٠٠ەمین زانكۆكاندایە، لە ڕیزبەندی سێیەمینی عێراقیشدا كۆلێژی "موستەقبەل"ی زانكۆیی هەیە كە لە ڕیزبەندی جیهانیدا كەوتووەتە نێوان ٦٠١ تا ٨٠٠ەمین زانكۆكان.

جێی ئاماژەیە ڕیزبەندی تایمزی بەریتانی ١٧ ئامانجی دیاریكراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبەرچاو دەگرێت بۆ ڕیزبەندكردنی زانكۆكان، لەوانەش فێركردنێكی باش، تەندروستی، كۆمپانیاكان، پیشەسازی، داهێنان، كاری ژینگەیی و یەكسانیی نێوان هەردوو رەگەزەكە.

هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا ناوی دوو زانكۆ هاتوون، زانكۆی سەڵاحەدین یەكەمینە، لەسەر ئاستی عێراقیشدا حەفتەمە، زانكۆی هەولێری پزیشكییش دووەمی هەرێمی كوردستان و چواردەمینی عێراقە.