بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى تەندروستى رایدەگەیەنێت رێژەى گیانلەدەستدانی کەسانى بەتەمەن بە کۆڕۆنا زۆر زیاترە لەو کەسانەى گەنجن یان تەمەنیان کەمە، چونکە 70%ى ئەو کەسانەى گیان لەدەست دەدەن کەسانى بەتەمەنن.
د. خالس قادر،بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "رێژەى توشبوونى هاووڵاتیانى هەرێمی کوردستان بە ڤایرۆسى کۆرۆناى گۆڕاو زیاترە بە بەراوردى ڤایرۆسى کۆڤید 19، بەڵام رێژەى مردن کۆرۆناى گۆڕاو کەمترە، هەرچەندە ئەو جۆرە نوێیە جگە لە کەسانى گەنج و بەساڵاچوو منداڵانیش تووشی دەبن بەڵام رێژەى مردنى منداڵان ئێجگار کەمە و یەک لە هەزارە".
راشیگەیاند: "رێژەى گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەى تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 50 ساڵە 13.5 % ئەمەش ئەوە دەردەخات زۆربەى ئەو کەسانەى لەو تەمەنەن و دووچارى ڤایرۆسەکە دەبن چاک دەبنەوە و رێژەیەکى کەمیش گیان لەدەست دەدەن بەتایبەت ئەگەر زوو چارەسەر وەرنەگرن".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "بە پێى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى هەرێمی کوردستان، زۆربەى ئەو کەسانەى بە ڤایرۆسى کۆرۆناى گۆڕاو گیان لە دەست دەدەن کەسانى بەتەمەنن و نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە، واتا ئەوانەى تەمەنیان لە سەرووى 60 ساڵەوەیە، بەجۆرێک 70%ى ئەو کەسانەى لەو تەمەن و دووچارى ڤایرۆسەکە دەبن گیان لەدەست دەدەن، بۆیە پێویستە زیاتر ئەو کەسانە رێککارەکانى خۆپارێزى جێبەجێ بکەن".