كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەرایەتی ئاوى هەلێر: سەرەڕای وشکەساڵی پلانمان بۆ چارەسەرکردنی کەمئاویی هەیە

بەڕێوەبەرى دابەشکردنى ئاوى هەولێر ئاشکرای دەکات کە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کەمئاویى، چونکە بەهۆى کەمى بارانەوە پێشبینى دەکرێ ئاستى ئاوى بیرەکان دابیەزێت.

دڵزار عەبدولوەهاب، بەڕێوەبەرى دابەشکردنى ئاوى هەولێر بە وەکالەت بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى کەمى رێژەى بارانبارینەوە ئاستى ئاوى ژێر زەوى دابەزیوە، کە بیرەکان راستەوخۆ پشت بەو ئاوە دەبەستن، ئەمەش کاریگەریی دەبێ لەسەر کەمبوونەوەى رێژەى ئاوى بیرەکانى نێو گەڕەک و کۆڵانەکان و دروستبوونى کێشەى کەمئاوى لە سەنتەرى شارى هەولێر".

راشیگەیاند: "بەئامانجى چارەسەکردنى کێشەى کەمئاوى و دابینکردنى ئاوى خواردنەوەى ماڵان، هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەم مەبەستە ماوەى چەند رۆژێکە دەستمان کردووە بە پلانى ئەمساڵمان بە پاککردنەوەى ترۆمپاکان و دووبارە پێداچوونەوەیان بۆ ئەوەى کەموکوڕییەکانیان چارەسەر بکەین، چونکە ئەمساڵ بەهۆى کەمبارانی و بەرزبوونەوەى پلەى گەرمییەوە زووتر لە ساڵانى رابردوو پێویستمان بە ئاو دەبێ".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "سەرچاوەى دابینکردنى ئاوى پاک بۆ هەولێر سێ پڕۆژەى ئیفراز و زیاتر لە 1160 بیرى ئیرتیوازییە، ئەو گەڕەکانەشى کە پێویستییان بە بیرە، بیرى تازەیان بۆ هەڵدەکەنین،ئەو بیرانەشى کە ئاستى ئاویان دابەزیوە بۆڕى زیاتریان بۆ شۆڕدەکەینەوە،لە هەندێک شوێنى هەولێر بۆ دەستکەوتنى ئاو قووڵایی بیرەکانمان بۆ 400 مەتر زیاد کردووە".