كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نووسەرێک: دۆخی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە کەرکووک هاوشێوەی كاتی بەعسە

"نزیكەی چوار ساڵە لە كەركووك هیچ ڕۆژنامە و بڵاوكراوەیەكی كوردی دەرناچێت"

بۆ یادی 123یەمین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردی لە شاری كەركووك هیچ بۆنەیەك بەڕێوە ناچێت و ئەندامێكی لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش ڕای دەگەیەنێت، ئێستا دۆخی رۆژنامەگەریی كوردی لە شارەكە هاوشێوەی كاتی بەعسە.

ستار جەباری، نووسەر و ئەندامی لقی كەركووكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی٤ی٢٠٢١ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەداخەوە ماوەی نزیكەی چوار ساڵە لە شاری كەركووك هیچ رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەیەكی كوردی دەرناچێت، لە دوای ساڵی 2003 كە شاری كەركووك لە دەستی بەعس ئازاد كرا، 81 رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەی كوردی لە كەركووك و دەوروبەری دەردەچوو، تا ڕادەیەك ئەو ساڵانەی تا پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئازادیی رۆژنامەگەری هەبوو، لەو چەند ساڵەی پێشوودا لە كەركووك كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و نووسەری باش دەركەوتن و پێگەیەندران".

ئەو نووسەرە گوتیشی: "لەو ساڵانەی پێشوودا دەیان خولی رۆژنامەنووسی دەكرانەوە و لە ماوەیەكی كەمدا ئەو رۆژنامەنووسانە توانییان هەنگاوی باش بنێن و ئێمە وەكوو سەندیكا پێشتریش ساڵانە یادی رۆژنامەگەریی كوردیمان لە کەرکووک دەكردەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا نەك هەر رۆژنامەیەكی كوردی لە كەركووك دەرناچێت، بەڵكوو ئازادیی رۆژنامەگەریش نییە و ئەگەر رۆژنامەنووسێك لەسەر پرس و دیاردەیەک راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بنووسێت، دواتر دەسەڵاتی سەپێندراوی كەركووك فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەكەن، یان ئیتر رێگری لە كارەكەی دەكەن".

ستار جەباری ئەوەشی خستە ڕوو: ئێستا مافی رۆژنامەنووسان لە كەركووك پێشێل دەكرێت و رۆژنامەنووسێكی زۆر هەن بێكار دانیشتوون و ئەوەش كێشەیە و دەبێ سەندیكای رۆژنامەنووسان كاری لەسەر بكات، بەڵام ئەوە نزیكەی چوار ساڵە لە كەركووك دەسەڵاتی سەپێندراو هەر دانمان پێدا نانێن، بەڵام لەگەڵ رۆژنامەنوسانی عەرەب و توركمان وا نین و دەتوانم بڵێم رۆژنامەگەریی كوردی ئێستا لە كەركووك وەك كاتی بەعسە و لەوپەڕی خراپیدایە".