هەولێر.. کۆنە خانوویەک کرابووە شوێنی دروستکردنی شیرنەمەنی و داخرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەولێر.. کۆنە خانوویەک کرابووە شوێنی دروستکردنی شیرنەمەنی و داخرا

قایمقامى قەزاى ناوەندیی هەولێر رایگەیاند لە گەڕەکێکى شارى هەولێر شوێنێکى دروستکردنى شیرینەمەنی داخراوە کە بە شێوەیەکى شاراوە و بێ گوێدانە رێنوێنییە تەندروستییەکان کارى کردووە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى قەزاى ناوەندیی هەولێر و سەرۆکى لیژنەى پشکنین و چاودێریی بازاڕ بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى ئەوەى لە مانگى رەمەزاندا خواردن و خواردنەوەکان داواکارییەکى زۆریان لەسەرە و خەڵک زیاتر کەلوپەل و خۆراک بەکار دەهێنن، لە ئەنجامیشدا سەرپێچى و لادان لە رێنوێنییەکان زیاتر دەبێ، بۆیە تیمەکانى چاودێریی بازاڕ بە بەردەوامى و بێ ماندووبوون لە ئەرکدان تەنانەت لە رۆژانى پشوو و لە شەویشدا، بۆ ئەوەى خواردن و خواردنەوەیەکى تەندروست لە بازاڕ و مارکێتەکان بدێت بە هاووڵاتیان".

راشیگەیاند: "لە درێژەى ئەو هەڵمەتە چڕ و پڕەى دەستمان پێکردووە دوێنێ سێشەممە شوێنێکى دروستکردنى شیرینیمان لە گەڕەکى منارەى هەولێر داخست، کە بە شێوەیەکى شاراوە و بەبێ گوێدانە رێنوێنییە تەندروستییەکان کارى کردووە، بۆیە سەرجەم ئەو شیرنیانەى لەو شوێنەبوون دەستیان بەسەرداگیرا و لەناوبران".

ئاماژەەى بە ئەوەش کرد: "دواى داخستنى شوێنەکە و لەناوبردنى تەواوى شیرینییەکە، رێککارى یاسایی بەرامبەر خاوەنى شوێنەکە دەگرینەبەر، چونکە پاراستنى تەندروستى هاووڵاتیان لە پێشەوەى هەموو شتێکە، داواش لە هاووڵاتیان دەکەین لە هەر حاڵەتێکى لەمشێوەیە راستەوخۆ لە رێگەى تەلەفۆنەوە ئاگادارمان بکەنەوە".