ئەمریکا جەخت لەسەر تیرۆرستبوونی پەکەکە دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمریکا جەخت لەسەر تیرۆرستبوونی پەکەکە دەکاتەوە

هەر کەس زانیاری لەسەر سەرکردە باڵاکانی پەکەکە بداتە ئەمریکا خەڵاتی ملیۆنان دۆلار وەردەگرێت


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دوای سێ ساڵ لە دیاریکردنی خەڵاتی ملیۆن دۆلاری، بۆ هەر کەسێک، کە زانیاریی دروست لەبارەی شوێنی هەریەک لە جه‌میل بایك و دوران كالكان و موراد قه‌ره‌یلان بداتە ئەمریکا، بۆ جارێکی دیکە، جەخت لەسەر تیرۆرستبوونی پەکەکە دەکاتەوە. چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، ئەو کردەوانەی پەکەکە ناوبانگی کوردیان ناشرین کردووە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ رێگه‌ی هه‌ژماری فه‌رمیی پرۆگرامی (پاداشت له‌پێناو دادپه‌روه‌ری)دا، بۆ جارێکی دیکە وێنه‌ و زانیاری له‌باره‌ی هەریەک لە جه‌میل بایك، دوران كالكان و موراد قه‌ره‌یلان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و پاداشتی ملیۆنان دۆلاریشی بۆ هه‌ر كه‌سێك داناوه‌، كه‌ زانیارییان له‌باره‌یانه‌وه‌ پێ بدات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، په‌كه‌كە‌ وه‌كو گرووپێكی تیرۆریستی ناسێنراوە،‌ بۆ پێدانی زانیاریش له‌باره‌ی هەریەک لە دۆران كالكان، جەمیل بایک، موراد قەرەیلان، بڕی 12 ملیۆن دۆلار دانراوە، بۆ دۆڕان کاڵکان، 3 ملیۆن، بۆ جه‌میل بایك 4 ملیۆن و بۆ موراد قه‌ره‌یلانیش 5 ملیۆن دۆلار وه‌كو پاداشت دەدرێت بەو کەسەی، کە زانیاریی لەسەریان هەبێت‌.

لە سێ ساڵی رابردوودا بۆ پێنج ساڵ ئەمەریکا پەکەکەی لە (لیستی تیرۆر)ی خۆیدا هێشتەوە.

لەمبارەوە، کارۆخ خۆشناو، (سەرۆکی ئەنستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی) بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، ئەم خەڵاتە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر ئەمەریکا دایناوە و ماوە ماوە نوێ دەکرێتەوە، تاوەکو هەواڵەکە زیاتر بڵاو بێتەوە و زانیاریی لەسەر ئەم سێ سەرکردەی پەکەکە دەست بکەوێت.

گوتیشی: “بەدیاریکراوی، ئەم خەڵاتە لە سەرەتای مانگی یازدەی ساڵی 2018 لە کاتی سەردانی (ماثیۆ پاڵمێر) یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تورکیا ڕاگەیەنرا و لە کاتی سەردانەکەیدا، ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوە، تیایدا خەڵاتێکی بە بڕی 12 ملیۆن دۆلار دیار کرد بۆ پێدانی زانیاری لەسەر سێ سەرکردەی باڵای PKK، کە بریتین لە (موراد قەرەیلان و جەمیل بایک و دۆران کاڵکان).

(لیستی تیرۆر) لیستێکە ئەمەریکا دەری دەکات و کۆمەڵێک وڵات و گرووپ و ڕێکخراو لەخۆ دەگرێت، کە مەترسییان هەیە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.

لە ساڵی 1979، بۆ یەکەمین جار ئەمریکا کۆمەڵێک وڵاتی خستە لیستێکەوە، بەناوی (لیستی تیرۆر)، کە (عێراق و لیبیا و سووریا و یەمەن)ی تێدا بوو. لە ساڵانی دواتردا، کۆمەڵێک وڵاتی دیکەش بۆ ئەم لیستە زیاد کران، وەکوو (ئێران، کووبا، کۆریای باکوور، سوودان)، بەڵام دواتر لەگەڵ نوێکردنەوەی لیستەکان، هەندێ لەو وڵاتانە بەهۆی باشبوونی بارودۆخەکانیان سەبارەت بە ئەمەریکا، لە لیستەکە دەرهێنران.

هاوکات ئەمەریکا پێنج ساڵ جارێک، لیستێکی دیکەش وەکوو (پاڵپشتیکەرانی تیرۆر و ئەو وڵاتانەی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادان)، بڵاو دەکاتەوە، ئەوانە ئەکتەری نێودەوڵەتین و لە رێکخراو و گرووپ و پارتی چەکدار پێکهاتوون، کە پەکەکە لەناو ئەو لیستە دایە.

کارۆخ خۆشناو، سەبارەت بەو پرسە زیاتر دوا و ئاماژەی بەوە دا، کە بوونی ناوی هەر سەرکردە و هێزێک لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادا، زیانی مادی و مەعنەویی زۆری هەیە، گوتی: ”زیانە مادییەکانی بریتیین لە سڕکردنی هەموو سامانی رێکخراوەکە، یاخود ئەندامانی رێکخراوەکە لەناو ئەمەریکا و پێنەدانی ڤیزا و دەستگیرکردنی هەر کەسێک بسەلمێنرێت، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەم رێکخراوەوە هەیە و چالاکیی سەربازیی ئەنجام داوە. زیانە مەعنەوییەکانیش بریتین لە مامەڵەنەکردنی یاسایی و ئاسایی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕەشبوونی ناوی رێکخراوەکە و ناوزڕاندنی، بەهۆی ناساندنی وەکوو رێکخراوێکی تیرۆریستی. جگە لەوەش، بوونی PKK لەناو لیستی تیرۆری ئەمەریکا، زیانی بە ناوبانگی کوردیش گەیاندووە“.