به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی سه‌یدسادق: لە بانکێکی سلێمانی بە نایاسایی پارە خەرج ده‌کرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی سه‌یدسادق: لە بانکێکی سلێمانی بە نایاسایی پارە خەرج ده‌کرێ

"پاره‌ ده‌ده‌ن به‌و كه‌سانه‌ی چەکی پاره‌ بە ناوی خۆیانەوە نییە و بریكارنامه‌شیان پێ نییە"

به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی سه‌ید سادق، ئاشكرای ده‌كات،‌ له‌ سلێمانی بانكێك به‌ نایاسایی پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران خه‌رج ده‌كا و كۆمه‌ڵێك له‌ به‌رپرسانی ئیداریی سلێمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌دان، له‌ كاتێكدا بانكه‌كه‌ی ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوونه‌ ئه‌و كاره‌ نایاساییه‌ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20/4/2021، بەڵێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری بانکی سەید سادق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ کۆمەڵیک جووتیار و خەڵکی حزبیی ناوچەکە هاتنە بەردەم بانک و ڕێگریان لێ کردین بچینە دەوام، بە پاساوی ئەوەی کە کۆمەڵێک چەکی پاره‌ی گەنمیان پێیە و دەیانەوێت بە شێوەیەکی نایاسایی بۆیان خەرج بکەین، ئەو کەسانە بە شێوەیەکی نەشیاو ڕێگرییان کرد و ڕێگەیان نەدا ئەمڕۆ کارمەندانمان دەوام بکەن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئەو چەکانە بە ناوی خۆیانەوە نییە و بریكارنامه‌شیان پێ نییە، ئەو کەسەی کە چەکەکەی بەناوەوەیە، یان کۆچی دوایی کردووە، یان لە ئەورووپایە، بەپێی یاساش چەکی کەسی کۆچکردوو دەبێت بە وەرەسە، واتە دەبێت کەسوکارەکەی (قەسام شەرعی) بهێنن و منداڵ و خێزانی هەریەکەیان بەشی خۆیان لەو پارەیە وەربگرن، بۆ ئەوانەشی لە ئەورووپان دەبێت لەڕێگەی باڵوێزخانەوە وەکالەت بۆ کەسێکی دیکە بنێرنەوە تا بتوانن بە ناوی ئەوانەوە پارەی چەکەکە وەر بگرێت، بەڵام ئەو کەسانەی کە هاتنە بەردەم بانک، هیچ کام لەو دوو بەڵگەنامانەیان پێ نەبوو".

بەڵێن ئەحمەد، جەختیشی کردەوە: "ئەو کەسانە دەیانەوێ بەشێوەیەکی نایاسایی ئەو پارەیان بۆ خەرج بکەین، ئەوەش کارێکی نایاساییە و ناچینە ژێر باری، بە تایبەت ئەوان دەیانەوێ له‌ بارێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ چارەسه‌ر بکرێ".

بەڕێوەبەری بانکی سەید سادق ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ پێشتر لە ڕێگەی خەڵکی تر ئەو کەسانە داوایان لێ کردوون چەکی مردوویان بۆ خەرج بکرێ، "هاتوونەتە ماڵیشمان، بەڵام بۆمان نەکردوون، چونکە یاسایی نییه‌، کۆمەڵێک بەرپرسی ئیداری لە سلێمانی لەگەڵ ئەو کارە نایاساییەی ئەواندان، لەگەڵ ئەوەی دانی پێدا دەنێن نایاساییە، بەڵام دەیانەوێ بە حوکمی عەشایەری بکرێ، ئەوەش لە کاری بانکدا قبووڵکراو نییە".

دووپاتیشی كرده‌وه‌: ئێمە نەچووینە ژێر باری ئەو کارە نایاساییە، لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دانیشتنمان کرد، هه‌ر بانكێك ئه‌و كاره‌ به‌ نایاسایی بكا، ئێمه‌ حەواڵە و ئەو کارەیان لەگەڵدا ناکەین، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانیشمان ئاگادار کردووه‌تەوە، کە ناچینە ژێرباری ئەو کارە نایاساییه و ئەوانیش هاوڕامانن".

به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی سه‌ید سادق، ئاشکراشی کرد، كه‌ لە بانکێکی سلێمانی "بە نایاسایی پارەیان بۆ خەرج دەکرێ، لەگەڵ ئەوەی ئه‌و كاره‌ ڕاگیرا، بەڵام دووباره کارەکە دەستی پێ کردووه‌تەوە، دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییه و حیجز و حەواڵەیان لەگەڵ ناکەین، ئەوەی دەکرێ لە دەرەوەی یاسایە".