سزای فرۆشتنی کاڵای ماوەبەسەرچوو و فیڵکردن لە بەکاربەران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سزای فرۆشتنی کاڵای ماوەبەسەرچوو و فیڵکردن لە بەکاربەران

پێویستیی دەرکردنی یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر لە کوردستان
فرۆشتنی کاڵای ماوەبەسەرچوو و پاراستنی مافی کڕیاران لە گەیشتنیان بە کاڵای دروست، بە یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر رێک خراوە، بەڵام لە کوردستان تا ئێستا نەبووینەتە خاوەنی یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر، بەڵکوو بە گوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی کوردستان، یاسای پاراستنی بەکاربەری عێراق ژمارە 1ی ساڵی 2010 لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، کە یاساکە کەلێنی گەورەی تێدایە و سزاکانی بڕیاردراو بۆ پێشێلکردنی مافەکانی بەکاربەر، لە ئاست تاوانەکەدا نین.

ساخکردنەوەی کاڵای ماوەبەسەرچوو، لە حاڵەتەوە تێپەڕیوە و لە کوردستان بووەتە دیاردە، هەر کەسە و لە راست خۆیەوە کۆگایەکی کردووەتەوە و خەریکی گۆڕینی رەگەزەکانی کاڵا و ساخکردنەوەیەتی لە بازاڕ و فرۆشتنەوەی بە کاڵای نوێی تەندروست، ساخکردنەوەی ئەو هەموو کاڵایە وایکردووە جۆرەها نەخۆشی لە کوردستان بڵاو ببنەوە، بازرگانی وەها بێویژدان هەیە کاڵا دەفرۆشێت شەش ساڵە ماوەی بەسەرچووە، بە بێ گوێدانە تەندروستیی گشتی و بێ هەستکردن بە ئازاری ویژدان، ئەوەش کە کارەکەی بۆ ئاسان کردووە، نەبوونی سزایەکی توندە، بەردەوام لایەنە فەرمییەکان ئاماری گرتنی کاڵای بەسەرچوو بڵاو دەکەنەوە، بەڵام نەمانبینی هەواڵی سزادان و بەندکردنی بازرگانێک بڵاو ببێتەوە بەهۆی فرۆشتنی کاڵا و خۆراکی ساختە، جگە لە سزادانیان بە بڕێک پارە کە بۆ ئەو تاوانە زۆر کەمە.

دەبێت لە کوردستان یاسا بکرێتە میکانیزمێکی گونجاو بۆ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی گشتی و سنووردانان بۆ بازرگانان تا بە ئارەزووی خۆیان بازاڕ بەکار نەهێنن، ترسی یاسا و سزادان وادەکات بازرگانان لەم کارە دوور بن، سزادان بە بڕێک پارە هیچ بازرگانێکی تەماحکار لەو تاوانەی ناگەڕێنێتەوە، تا بە ملیۆنێک دینار سزا دەدرێت، بایی 10 ملیۆنی دیکە قازانجی کردووە، بۆیە ئەمە کاری تێناکات.

داواکارم پەرلەمانی کوردستان هەرچی زووە بکەوێتە خۆ بۆ دەرکردنی یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر و دانانی سزایەکی توند بۆ تاوانی پێشێلکردنی مافەکانی بەکاربەران.

یاسای پاراستنی بەکاربەری عێراق
هەرچی لەبارەی یاسای عێراقە، بە بڕوای من و بە گوێرەی واقیعی کۆمەڵگە، یاساکە زۆر شلە و ناتوانێت تاوانەکە سنووردار بکات.

لە ماددەی (6) لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2010ی عێراق، یاسای پاراستنی بەکاربەر، مافەکانی بەکاربەری رێک خستووە، لە گەیشتنی کاڵا و خۆراکی نوێ و تەندروست، لەگەڵ گەیشتن بە زانیاریی پێویست سەبارەت بە کاڵا، لە ماددەکانی (7-8-9) ئەرکەکانی بازرگان و فرۆشیارانی دیاریکردووە لە (15) خاڵدا و دەقی کردووە لەسەر بە دوورگرتنیان لە فرت و فێڵ و گۆڕینی مێژووی دروستکردن و گۆڕانکاری کردن لەو کاڵایانە و شاردنەوەی زانیاری لە بەکاربەران و فرۆشتنەوەی کاڵاکان بە کاڵای نوێ، کۆی خاڵەکان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، دەبێت بازرگان و فرۆشیاران، کاڵای تەندروست بفرۆشن و فێڵ لە کڕیاران نەکەن. هەروەها ئاماری دروست بۆ لایەنە فەرمییەکان بخەنە ڕوو و شوێنی تەندروست بۆ کالاکان ئامادە بکەن.

سزاکان
لەبارەی سزاکانیش، ماددەی 10 لە هەمان یاسا، سێ جۆر سزای دیاری کردووە:

یەکەم/ بەندکردن بۆ ماوەی کەمتر نەبێت لە سێ مانگ یان پێبژاردن کەمتر نەبێت لە یەک ملیۆن دینار یان بە هەردوو سزاکە:

لە بڕگەی یەکەم ئاماژەی بەوە کردووە، سزا دەدرێت ئەو بازرگان و بەرهەمهێن و هاوردەکار و فرۆشیارەی پێچەوانەی حوکمەکانی ماددەی نۆیەم لەم یاسایە بجووڵێتەوە، بەو سزایەی سەرەوە. حوکمەکانی ماددەی نۆیەم خۆی بریتین لە:

1/ ئەگەر فرت و فیڵ و ساختەکاری و شاردنەوەی راستی دەربارەی ئەو ماددانە بخاتە ڕوو.

2/ ئەگەر هێز بەرامبەر لیژنەکانی چاودێری بەکار بهێنێت، یان رێگری بکات لە پشکنین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی یان بە هەر شێوەیەک بەربەستی بۆ دروست بکات.

3/ ئەگەر کەلوپەل و خزمەتگوزاری پێچەوانەی سیستم و ئادابی گشتی بەرهەمبهێنێت یان بفرۆشێت یان نماییشی بکات بۆ فرۆشتن یان رێکلامی بۆ بکات.

4/ فرۆشتن و بەرهەمهێنان و خستنەڕوو و رێکلامکردن بۆ هەر کاڵایەک کە لەنێو زەرفێکی بێ زانیاریدان یان مێژووی دروستکردن و بەسەرچوونی لەسەر نەنووسرابێت.

5/ ئەگەر مێژووی بەسەرچوون بگۆڕێت یان لاببات یان بیشارێتەوە یان بیشێوێنێت.

6/ ئەگەر کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دووبارە لەنێو بەرگی دیکەدا بفرۆشێت و دووبارە بیخاتەوە نێو بەرگێکی نوێ بە مێژووێکی نوێوە.

دووەم/ بەندکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە سێ مانگ یان پێبژاردن لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. هەر کەسێک پێچەوانەی حوکمەکانی ماددەکانی (7-8) رەفتار بکات. حوکمەکانیش بریتین لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بازرگان و فرۆشیاران. کە زیاتر رێکارە ئیدارییەکان دەگرێتەوە وەک هەڵواسینی ناوی بازرگانی و پاراستنی تۆمارەکان و دڵنیابوونەوە لە تایبەتمەندییەکانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی بەردەستیان و رێکلامکردن و خستنەڕووی تایبەتمەندی پێچەوانەی تایبەتمەندی کاڵاکە. لەگەڵ پێشێلکردنی مافەکانی بەکاربەر.

سزای یەکەم پەیوەستە بە خەڵەتاندنی بەکاربەر، سزای دووەم زیاتر پەیوەستە بە پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی لایەنی کارگێڕی. لە سزای یەکەمدا هەرچەندە دادگا دەسەڵاتی هەیە بەسەر بازرگان و فرۆشیاران کە فێڵ لە خەڵک دەکەن و کاڵای بەسەرچوو دەفرۆشنەوە و خەڵک دەخەڵەتێنن، سزای بەندکردن تا پێنج ساڵ بسەپێنێت. بەڵام لە واقیعدا حوکمێکی لەو جۆرە نابینی و زۆربەی دۆسیەکان کە دراونەتە دادگا بە پێبژاردن کۆتایی دێن.

سزادانێکی دیکە هەیە لە دەرەوەی دادگا کە بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی دەکرێت. ئەویش پێبژاردنە کە زۆرجار پێشێلکارییەکان زەق نین، بۆیە رەوانەی دادگا ناکرێت و وەزارەتی بازرگانی سزاکان دەسەپێنێت. بەپێی ئەو داتایەی لە وەزارەتی بازرگانی وەرم گرتووە، لە ئەنجمامی گەڕانی لیژنەکانی چاودێری بازرگانی، ئەگەر پێشێلکاری بیندرا، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی شارەکان بۆیان هەیە سزای پێبژاردن لە 50 هەزار دینار تا یەک ملیۆن دینار بسەپێنن. بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بۆی هەیە پێبژاردنی یەک ملیۆن دینار تا سێ ملیۆن دینار بسەپێنێت. وەزیری بازرگانیش بۆی هەیە لە سێ ملیۆن تا پێنج ملیۆن دینار بسەپێنێت بەسەر بازرگاناندا.