لە كەلار سێ مزگەوت داخراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە كەلار سێ مزگەوت داخراون

بەرێوەبەری گشتیی ئەوقافی گەرمیان، رای گەیاند رێكارەكانی خۆپارێزی لە مزگەوتەكاندا جێبەجێ دەكرێن و هەر مزگەوتێك جێبەجێی نەكات دادەخرێت، لە مانگی رەمەزانیشدا سێ مزگه‌وت داخراون.

سەباح محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە 20ی 4ی 2021، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا لە مزگەوتەكان رێكارە تەندروستی و خۆپارێزییەكان گیراونەتە بەر، بە مەبەستی چاودێریكردنی مزگەوتەكانیش بۆ دڵنیابوون لە ئاستی جێبەجێكردنی رێنوێنییەكان، لە چوارچێوەی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتەكاندا، لیژنەیەكی ئەوقاف سەردانی مزگەوتەكان دەكات."

گوتیشی: "لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە تا ئێستا، سێ مزگەوت لە كەلار بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنوێنییەكان بۆ ماوەی سێ رۆژ داخراون، ئەوانەش هەر یەك لە مزگەوتەكانی (سەڵاحەدین، سپی، محەمەد مستەفا) بوون، كە دواتر بە رێنوێنییەكانەوە پابەند كراون."

بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان، راشی گەیاند:" لە مزگەوتی شەهیدانی گەرمیان پاش ئەوەی لەلایەن تیمەكانی تەندروستیی تێستی كۆرۆنا بۆ نوێژخوێنانی مزگەوتەكە كرا و دەركەوت 13 نوێژخوێن هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، مزگەوتەكە داخرا و تووشبووەكانیش لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتینە كرد."