کاسبکارانی کەرکووک دیسان لەدژی دەسەڵاتی سەپێندراوی شارەکە گرد بوونەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کاسبکارانی کەرکووک دیسان لەدژی دەسەڵاتی سەپێندراوی شارەکە گرد بوونەوە

پاش گردبوونەوە و ناڕەزایی كاسبكارانی بازاڕی "حەسیرەکە"ی کەرکووک لەدژی پێشگیری لە کار و کەسابەتیان، شەوی ڕابردوو كاسبكارانی ڕێگەی بەغداش دژی ئیدارەی سەپێندراوی شارەكە گرد بوونەوە.

بەهۆی جیاوازیدانان لە نێوان گەڕەكەكانی شاری كەركوك و بێكاركردنی كاسبكارانی ئەو شارە، شەوی ڕابردوو كاسبكارانی دوكانەكانی رێگەی كەركوك بۆ بەغدا لە کەرکووک، دژ بە ئیدارەی سەپێندراوی شارەكە كە بەناوی رێكارەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا رێگەی كار و کاسبییان پێ نادەن، گرد بوونەوە.

محەمەد وەهاب، یەكێك لە كاسبكارانی رێگەی بەغدا، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لای هەموان ئاشكرایە كە لە مانگی رەمەزاندا بە رۆژ كار ناكرێت، بەڵكوو بە شەو كار دەكرێت، لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و لە زۆر شوێنی كەركووكیش کاسبکاران بە شەوان دووكان و باڕاز دەكەنەوە و بە ڕەچاوکردنی رێكارە خۆپارێزییەکان كاری خۆیان دەكەن، بەڵام لە كەكووك رێگە بە بەشێكی بەرچاو لە  كاسبكارانی بازاڕەكان نادرێت كار بكەن".

گوتیشی: "لەبری بەرپرسانی حكوومی، پۆلیس سەردانیان كردووین، لە كاتێكدا گرفت و داوای ئێمە لای بەرپرسانە، نەك پۆلیس".

هەر لەمبارەوە عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "فەرماندەیی پۆلیسی كەركووك سەردانی كاسبكارانی كردووە و بەڵێنی پێ داون داواكارییەكانیان بگەیەنێتە بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە".

گوتیشی: "كاسبكاران راستە هیچ سەرچاوەیەكی دیکەیان نییە و دەبێ رەچاوی ئەوە بكرێت و بە مەرجی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا، كاری خۆیان بكەن".

فەلاح خەلیل، قایمقامی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە: "لەبەر خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا دەبێ كاسبكاران دوكانەكانیان نەكەنەوە".

پێش ناڕەزایی و خۆپیشاندانی شەوی رابردووی كاسبكارانی رێگە بەغدا، دوو شەو لەمەوبەریش كاسبكارانی بازاڕی حەسیرە بۆ هەمان مەبەست گرد بوونەوە و بە بۆنەی پێشگرتنیان لە کردنەوەی دوکان و بازاڕ و کاسبییان، ناڕەزاییان دەربڕی.