میدیایەكی سلێمانی باسی داگیركردنی زەوییەكانی شارەكە دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

میدیایەكی سلێمانی باسی داگیركردنی زەوییەكانی شارەكە دەكات

دەڵێ كار وا بڕوات سلێمانی لەسەر چەند كەسێكی دیاریكراو تاپۆ دەكرێت

پەیجێكی نزیك لە بەرهەم ساڵح بە ناوی دیپلۆماتیك مەگەزین لە ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆییدا ئاشكرای كردووە كە زەوییەكانی شاری سلێمانی لەلایەن بەرپرسانی سنوورەكەوە بە ناوی جیاجیا و ژمارەیەك بەناو بەڵێندەری تازە هەڵتۆقیوەوە داگیر دەكرێن، كار وا بڕوات چەند ساڵێكی تر سلێمانی بە تەواوی لەسەر چەند كەسێكی دیاریكراوەوە تاپۆ دەكرێت.

لە ڤیدیۆكەدا كە بە ناوی (سندوقی ڕەش)ە، ئاماژە بەوە دراوە كە سلێمانی حاڵی پەرێشانە لە داگیرکاریدا و لە ماوەی شەش مانگدا ١٥٠ دۆنم زەویی سلێمانی دەستیان بەسەردا گیراوە.

هەروەها ئەوە دەخاتەڕوو كە زەوییەکان بە بەھای ملیارێک دۆلارن و دراون بە چەند بازرگان و بەرپرسێکی سنوورەكە.

لە ڤیدیۆكەدا ناوی ژمارەیەك لە كۆمپانیا و پرۆژەكان ئاشكرا كراون كە لە ڕێگەیانەوە زەوییەكانی سلێمانی داگیر كراون، لە ناویشیاندا كۆمپانیای چڵە زەیتوون و گرووپی كۆمپانیاكانی چوارچرا هەن، كە لە بەرانبەر سەوزكردنی فولكەیەكی شاری سلێمانی، زەوییەكی بەرفرەوانیان لە دەروازەی شاری سلێمانی وەرگرتووە و كردوویانەتە پرۆژەی نیشتەجێبوون.

پەیجەكە هەروەها باسی لە زەوییەكی گرانبەهای تری سلێمانی كردووە كە كەوتووەتە تەنیشت فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی حەفتا لە سلێمانی، دەڵێ ڕووبەڕی زەوییەكە ١٢٥ دۆنمە، كەسێك بە ناوی دانای حاجی ساڵح وەك وەبەرهێن دەستی بەسەردا گرتووە، بەبێ ئەوەی داواكاری وەبەرهێنانەكەی پەسەند كرابێت، نرخی زەوییەكەش بە ٤٥٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دەخەمڵێندرێت.

ڤیدیۆكە لەلایەكی ترەوە ئەوەی خستووەتەڕوو كە ٣٢ هەزار مەتر دووجا زەوی لە تەنیشت پردی كۆبانێ كە شوێنێكی گرنگی شاری سلێمانییە، دراوە بە پەرلەمانتارێكی یەكێتی بە ناوی وەبەرهێنانەوە، كەچی ئەو پەرلەمانتارە لە ژیانیدا كاری وەبەرهێنانی نەكردووە.

دیپلۆماتیك مەگەزین دەڵێ گەورەترین گرفتی سلێمانی لەوەدایە كەس نازانێت كێ بەرپرسە لە تەخشان و پەخشانكردنی زەوییەكانی ئەم شارە و ڕوو لە هەر بەرپرسێك دەكەیت، ڕەوانەی لای یەكێكی ترت دەكات، لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوە داوە كە بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سلێمانی و شارەوانیی سلێمانی بەبێ بینینی شوێنی پرۆژەیەك، رەزامەندییان لەسەر داوە، كەچی پرۆژەكە كەوتووەتە ناو وێستگەیەكی كارەبای سلێمانییەوە، بەهای ئەو زەوییەش دەگاتە ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی. هەروەها زەوییەكە لە شەش پارچەی جیاواز پێكهاتووە، هەمووی لەیەك دراوە و داویانە بە دەوڵەمەندێكی شارەكە.