هۆشداری لە گەڕانەوەی چەكدارە دەستبەسەركراوەكانی داعش لە كەمپی هۆل دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هۆشداری لە گەڕانەوەی چەكدارە دەستبەسەركراوەكانی داعش لە كەمپی هۆل دەدرێت

ئەمڕۆ دووشەممە ئەندامێكی لیژنەی ئەمنیی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دا لە گەڕانەوەی پاشماوەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە كەمپی هۆلی سووریا، پێی وایە ئەم چەكدارانە بۆمبێكی داندراوەن و لە داهاتوودا مەترسیی گەورە دروست دەكەن.

پەرلەمانتار عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند چاوەڕوان دەكرێ ژمارەیەكی تر لە چەكدارانی پاشماوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە كەمپی هۆلەوە بگەڕێندرێنەوە عێراق، لە كاتێكدا ئەمانە مەترسییەكی گەورە لە داهاتوودا دروست دەكەن.

عەزاوی لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی ئاماژەی بەوە كردووە حكوومەتی فیدراڵی لیژنەیەكی ئەمنی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ كەیسی ئەو عێراقییانەی پاشماوەی داعشن و لە كەمپی هۆلی سووریای هاوسنوور لەگەڵ عێراق دەستبەسەرن.

پەرلەمانتارەكە دەڵێ زۆربەی ئەو داعشیە دەستبەسەركراوانە لەلایەن دادگاوە داواكراون و چەندین تاوانی ترسناكیان دەرهەق بە هاووڵاتییانی عێراق و سووریاش ئەنجام داوە.

بە گوتەی ئەم پەرلەمانتارە، گەڕانەوەی ژمارەیەكی ئەم داعشیانە بۆ عێراق لە ئانوساتدایە و چاوەڕێی ڕێوشوێنی ئەمنی دەكات لەلایەن حكوومەتی فیدراڵیی عێراق. ئاماژەشی بەوە داوە كە گەڕانەوەی ئەم داعشیانە یان مانەوەیان لە كەمپەكە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر عێراق، چونكە كەمپەكە لەسەر سنووری عێراقە و هەر كاتێك شتێك ڕووبدات، پاشماوەكانی داعش بە ئاسانی خۆیان دەگەیەننە ناو خاكی عێراق، بە تایبەتییش كە بەشێكی زۆریان هاووڵاتییانی عێراقن.