جاشی ئاخر مۆدیل!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 19/04/2021

جاشی ئاخر مۆدیل!

جارانیش جاش و خۆفرۆشان و خائینان، هەر وەك جاشەكانی ئێستا سووك و پووچ و بێشەرم و بێحەیا بوون، بەڵام قسەیەك بۆ دز بكرێت باشە، ئەشهەدوو ئەو جاشانەی جاران تاكوتەرایان هەبوو، بە دەنگی دلێر و سنگ دەرپەڕاندنەوە و لە شاشەی تی ڤییەكانەوە، شانازی بە خیانەت و جاشێتیی خۆیانەوە بكەن، تەنانەت هەندێكیان ئەگەرچی لەژێرەوە كەتن و تاوانی دونیایان لە دژی خەڵكی كوردستان دەكرد، لێ ئەگەر خەڵك خۆی نەیبیستایە یان نەیبینیایە، ئەوان نەیاندوێرا و شەرمیشیان دەكرد بڵێن: ”ئەو تاوان و خیانەتە ئێمە كردمان!“

بەڵام ئێستا، خائین و جاش، بەبێ ئەوەی تەنانەت شەرم لە میللەتی خۆیان و كەسوكار و خوێنی شەهیدانی حزبی خۆشیان بكەن، دێنە سەر شاشەی تی ڤیەكان و زۆر بە شانازییەوە باس لە خیانەتی خۆیان دەكەن و پاساوی بۆ دەهێننەوە و دەشیانەوێ خەڵكی كوردستان بە ”خەبات!“ بۆیان حساب بكات. چ بارودۆخێكی سەیرە ئەم كوردستانەی تێكەوتووە؟ جاش و ناپاك دەنگیان دلێرە و خەڵكانی دڵسۆز و ماندوو و خودان مێژووی پاكوخاوێن، بێ دەنگن.

ئەمە چ دۆخێكە؟ منداڵە وردكە و ئەولاد و نەوەی جاش و خائینان، لە سۆشیال میدیاوە، خەڵكانی دڵسۆز بە نیشتمان، جنێوباران دەكەن، سووكایەتی بە مێژوو و سیمبول و پیرۆزییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن، سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان و خەونی سەربەخۆیی و پێشمەرگە و خوێنی پاكی شەهیدان دەكەن، ئەمەی لە كوردستان دەگوزەرێ، لە هیچ كوێی دنیا نەبووە و نیە.

یەكێكی وەك ئاڵا تاڵەبانیی ئەسەدی، كە حزبە عەرەبیە شیعەكان بە تەزویر دەریانچواند بۆ پەرلەمانی عێراق، دەیان جار لە شاشەی تی ڤییەكانەوە، شانازی بە كوردنەبوونی خۆی و خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە دەكات، ئەگەرچی تاقمی خیانەتكار، هیچیان لەم رووەوە كەمتەرخەمییان نەنواندووە! لێ ئەوەی ئاڵا ئەسەدی لە كەناڵە عەرەبیەكانەوە دەیكات و دەیڵێت، شەرمەزارییەكی زۆر گەورەیە هەم بۆ خۆی و هەم بۆ فراكسیۆنەكەی و هەم بۆ حزبەكەی، سەیرە خەباتگێڕان و پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی و كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی و كوردە خاوێنەكانی نێو یەكێتی، ئەمەی لێ قبووڵ دەكەن! ئاخر نەك هەر ئەوان كردیان و ئاڵا خواردی، بەڵكوو ئاڵا ئەسەدی رۆژانە سووكایەتییشیان پێدەكات.

مرۆڤ ئەگەر كورد بێت و گوێی لە قسەكانی ئاڵا ئەسەدی بێت، شەرم لە خۆی دەكات كە كوردە، حەیف بۆ كوردستانێك كە سەدان هەزار شەهید و قوربانیی دا و ئێستا ئاڵا ئەسەدی یەكێكە لە نوێنەرانی، حەیف بۆ كوردستانێك، كە بە كیمیایی و ئەنفال جینۆساید كرا و ئێستا ئەو قسانە لە ئاڵا ئەسەدی قبووڵ دەكات، حەیف بۆ كوردستانێك كە لە سەردەمی بەعسدا، دەیان هەزار گەنجی خوێنگەرمی، لەپای كوردایەتی و ئازادییدا، شەو و رۆژ لە زیندانەكانی بەعسدا، ئەشكەنجە دەدران، ئێستا پێی ئاساییە ئاڵا ئەسەدی شانازی بە خیانەتەوە بكات.

كە گوێ لە قسەكانی ئاڵا ئەسەدی دەگرم، بیر لەو پێشمەرگانە دەكەمەوە، كە سەردەمی بەعس بە نێو چەم و چیا و دۆڵەكاندا شەوانە دەهاتنە ناو شار و ماڵە بەعسی و جاشەكانیان دەتۆقاند، بیر لەو گەنجانەی رێكخستنە نهێنییەكانی ناوشار دەكەمەوە، كە شەوان بەنێو سەدان سەركێشییدا، دەهاتنە كۆڵانەكانەوە و لەسەر دیوارەكان دەیاننووسی ”یا كوردستان یان نەمان“، بیر لەوە دەكەمەوە كە ئاڵا ئەسەدی مانگی ٣٩ ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت و دایكان و هاوسەرانی شەهیدەكانیش چەند سەد هەزار دینارێك مووچەیانە، بیر لە پێشمەرگەیەكی دێرین و ریشسپی دەكەمەوە، كە نەخۆشە و پارەی عیادەی پێ نیە، بەڵام ئاڵا ئەسەدی بۆ نەشتەرگەریی تەجمیلی لووت دەچێتە وڵاتە پێشكەوتووەكان، بیر لە حزبەكەی مام دەكەمەوە، كە كەوتە دەست ئاڵا ئەسەدی و ئەمسالەكانی.

ئێستا ئیدی بەتەواوی گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی، تا خەڵكی كوردستان توندترین سزای جاش و خۆفرۆش نەدەن، هەرگیز لە خەنجەرەكانی خیانەت و ”شانازیكردن بە جاشێتی!“ رزگارمان نابێت.


جاران، خۆفرۆشان دەبوونە جاشی رژێمێكی خوێنڕێژ و دیكتاتۆر و خاوەن هێز، ئێستا ئاڵا ئەسەدی و هاوكووفەكانی لە پەرلەمان و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، بوونەتە جاشی حەشد و حەسەن پلایسێكی بێڕێز!