كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حكوومەتی فلیپین ڕێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی هاووڵاتییەكانی لە عێراق دەگرێتەبەر

بۆ ئەوەی چیتر لەلایەن خاوەن كار و بازرگانەكانەوە مافیان زەوت نەكرێت

باڵوێزخانەی فلیپین لە بەغدا ناسنامەی ئەو هاووڵاتییانەی فلیپین دیاری دەكات كە لە عێراقدا كار دەكەن، بۆ ئەمەش زانیاریی تەواویان لەبارەوە كۆدەكاتەوە و ناسنامەیەكی تایبەتیان بۆ دەردەكات، ئەم هەنگاوەشیان لەپێناو پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییەكانیانە.

ئەمڕۆ دووشەممە میدیاكانی عێراق لە ڕۆژنامەی "مانێلا پۆلیتیان"ی فلیپینیان گواستەوە كە وەزارەتی كاروباری دەرەوەی حكوومەتی مانێلا دەستی بە هەنگاوێكی جیدی كردووە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی ئەو هاووڵاتییە فلیپینیانەی لە عێراق نیشتەجێن، بۆ ئەوەی لەمەودوا هەست بە ئاسایش بكەن لەم وڵاتەدا.

ڕۆژنامەكە ئاشكرای كردووە وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی فلیپین ناسنامەیەكی تایبەت بۆ هاووڵاتییەكانی خۆی لە دەرەوەی وڵات دەردەكات، بۆ ئەوەی لەو كاتانەی لەلایەن بازرگان و خاوەن كارەكانیانەوە دەست بەسەر پاسپۆرتەكانیاندا دەگیرێت، بتوانن لە ڕێگەی ئەم ناسنامە تایبەتەوە كارەكانی خۆیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان و باڵوێزخانەی فلیپین و كۆنسوڵگەكانیدا پەیوەندی ببەستن.

جێی باسە لە عێراقدا بە بیانووی سیستەمی كەفالەتەوە، خاوەن كار و بازرگانەكان دەست بەسەر پاسپۆرتی كرێكارانی بیانیدا دەگرن، بەم شێوەیە زۆربەی جار بە شێوەی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن و ناچاریان دەكەن هەموو بارودۆخێك قبووڵ بكەن.

لە ماوەكانی ڕابردووشدا چەندین جار هاووڵاتییانی فلیپینی لە عێراق ڕووبەڕووی زیندانیكردن و توندوتیژییش بوونەتەوە، بەپێی ڕۆژنامە فلیپینییەكەش، ئێستا بە فەرمی زیاتر لە یەك هەزار و ٩٠٠ هاووڵاتی فلیپینی لە عێراق هەن، كە ٤٣٣ كەسیان نیشتەجێی شاری هەولێر و ٢٩٣ كەسیشیان نیشتەجێی شاری بەغدان، ئەوانی تریش بە شارەكانی تری عێراق و هەرێمی كوردستاندا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها ٥٠٠ هاووڵاتیی تری فلیپینیش لە عێراق هەن، كە هێشتا بە فەرمی ناویان لە وەزارەتی دەرەوەی فلیپیندا تۆمار نەكراوە.